ئافرەتانی كورد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ
نادیە موراد بەرز دەنرخێنن
|
|
بهرواری دابهزاندن:
14/10/2018 : 12:35:40
|
ژمارەی بینین: 335
|
دوای ئەوەی هەر یەك لە نادیە موراد و دكتۆر دێنیس موكوێگی، وەك دوو
كەسایەتیی چالاكی نێودەوڵەتی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بە هاوبەشی وەرگرت، كە رۆڵی
بەرچاویان هەبووە لە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی،
رێژەیەكی زۆری ئافرەتانی كورد، جارێكی دی دەنگی خۆیان خستەپاڵ دەنگی نادیە موراد
بۆ ئەوەی لە هەوڵەكانی بۆ رزگاركردنی ئافرەتانی پاكیزەی رفێندراوی كوردی ئێزیدی
بەردەوام بێت، داواش لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكەن، بە هەموو شێوەیەك رووبەڕووی ئەو
ئیراهابە فیكری و دڕندەییە ببنەوە كە تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەكانیان دژ بە
هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی پەیڕەوی دەكەن. لەم راپۆرتەشدا ژمارەیەك لە خانمانی
كورد راوسەرنجی خۆیان لە بارەی كارنامەی نادیە موراد و خەڵاتەكە جیهانییەكەی بۆ
گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.
سەرەتا سوعاد لالۆ، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای شنگال، سەرتا باسی ئەوە دەكات كە «خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دێتە نێو مێژووی كوردستان لە رێگای شنگال و كوردانی ئێزیدی و ئەو جینۆسایدەی كە بەسەریان هات. هاوكات دەڵێت: «ئەگەرچی گەلی ئێمە ئەم خەڵاتەی لە بەرامبەر كۆمەڵكوژی و نەهامەتییەكی زۆر پڕ لە ئازار وەرگرت، بەڵام مایەی شانازیمانە كە جیهان حیسابی بۆ كردین. نادیە موراد كچە كوردی ئێزیدی بوو بە سمبولی ئازایەتی و تەسلیمنەبون بە نائومێدی، توانی هاواری هەزاران كچی قوربانیی دەستی داعش بە جیهان بگەیەنێت و ببێت بە دەنگی ئاشتی و هۆكارێك بۆ كردنەوەی دەروازەی گەورەی مرۆڤایەتی بە رووی ئەو تاوانە گەورەیە كە دەرهەق بە كوردانی ئێزیدی كرا، لە بەرامبەر كوردبوون وەك نەتەوەیەكی چەوساوە و ئێزیدیبوون وەك پێكهاتەیەكی ئایینی كە بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی پەلامار و جینۆساید بوونەتەوە.» گوتیشی: «ئەم خەڵاتە چەندین پەیام لە خۆیدا هەڵدەگرێت، پەیامێكە بۆ نەهێشتنی توندڕەوی ئایینی و دەمارگیری بەرامبەر كەمە نەتەوەكان، بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، ئەم خەڵاتەی نادیە موراد جۆرێكە لە قەرەبووكردنەوەی مەعنەوی بۆ قوربانییانی ئێزیدی و كەمێك لەو ئازارە سووك دەكات كە بەسەریاندا هات. ئەم خەڵاتەت پیرۆز بێ لە نادیەی سمبولی ئازایەتی و بێدەنگنەبوون لە ئاست ستەم و نادادی، بە هیوای رەخساندنی كۆمەڵگەیەكی گەورەی مرۆیی كە هەمووان تێیدا بەبێ جیاوازیكردن لەسەر هێچ بنەمایەك، بەتایبەتی ئایین و نەتەوەو رەگەز، بە ئاشتی و ئاسایش بژین.» د. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە كچە كوردی ئێزیدی خاتوو نادیە موراد جێی خۆشحاڵی و شانازی ئێمە و هەموو هاونیشتمانییانی كوردستانە. نادیە موراد وەك كچە كوردێكی ئازاو خۆڕاگر دوای رزگاربوونی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رەتی كردەوە كە بێدەنگ بێت و توانی هاواری هەزاران ئافرەتی قوربانیی دەستی ستەمی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە جیهان بگەیەنێت و ببێت بە سمبولێك بۆ ئیرادە بەرزی و رادەستنەبوون بە فیكر و روانینی داعش. ئەو نەهامەتییەی بەسەر كوردانی ئێزیدیدا هات بەدەست تیرۆریستانی داعشەوە، هەرگیز فەرامۆش ناكرێت.» جەختی لەوەش كردەوە كە «بەرخۆدان و خۆڕاگریی كوردانی ئێزیدی شتێكی نامۆ نییە بە مێژوی گەلی كوردستان، كە بەداخەوە ئەو مێژووە تەژییە بە كارەسات و جینۆساید، بەڵام نەبەدری و بەرخۆدانی كوردانی ئێزیدی وایكردووە، خۆیان و مێژوویان بە زیندوویی بمێننەوە.». گوتیشی: «پیرۆزبایی لە نادیە موراد دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەركەكانی و هیوادارین وەك هەمیشە دەنگ و رەنگی هەموو ئافرەتان و قوربانییانی دەستی هزری توندئاژۆ و هەموو ستەملێكراوان لە هەموو جیهان بێت. هەرچەند هیچ خەڵاتێكی جیهانی قەرەبووی ئاست و قەبارەی ئەو ئازارە ناكاتەوە كە بەسەر كوردانی ئێزیدی هات، بەڵام هیوادارین ئەم خەڵاتە ببێتە مایەی رەواندنەوەی هەندێك لە ئازارەكانیان. ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان، سەرتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلی كوردستان رووبەڕووی چەندین كارەساتی جینۆساید و قەتڵوعامكردنی خەڵكی سڤیل شۆڕشگێڕ و خەباتكاری سیاسی و هەرەسپێهینانی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان و ئەنجامدانی هەموو شیوازە قێزەونەكانی دژ بە مرۆڤایەتی بووەتەوە، هەمووشیان بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە داوا رەواكانی گەلی كوردستان بووە. ئەوەی جێگەی تێڕامان و پرسیار بووە، ئەوەیە كە هەموو ئەو رووداوانەی كە بەسەر گەلی كوردستاندا دەهات، لە ئەنفالكردن و كیمیاباران نەبوونە شۆك بۆ لێپرسراوانی ئەو كاتەی وڵاتانی خۆرئاوا و ئەوروپا و نەبووە مایەی دەركردنی هیچ بڕیارێك بۆ سزادانی بكەران و ئەنجامدەرانی تاوانەكان، بەڵام ئەم دۆخە بەو شێوەیە نەمایەوە و دوای راپەڕینی بەهاری 1991 كوردستان بە رووی جیهانی دەرەوە كرایەوە و بوو بە بەشێك لە عەمەلییەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و جوغرافیای كوردستانیش تا رادەیەك بایەخی پێ درا.» ئەمەل جەلال لە درێژەی رادەربڕینەكەیدا دووپاتی دەكاتەوە كە «خەڵكی كوردستان بەگشتی بەردەوام لەژێر هەڕەشە و كوشتن و راوەدوونان و زیندانیكردن و ئەنفال و كیمیاباران و دەیان تاوانی دیكەدا بوون، بەڵام ئەوانە تەنیا وەك چیرۆك و رووداو باس دەكران و لە بۆنەو یادە ناوخۆییەكان تێپەڕی نەدەكرد و نەدەبوونە رووداوی جیهانی، بۆیە كاتێك ئەمڕۆ دەبینین، كچێكی كوردی ئێزیدی بووەتە سیمبولی رەوایەتیدان بە بەرەنگاربوونەوەی مافە پێشێلكراو زەوتكراوەكان و نوێنەرایەتی نەك تەنیا كچان و ژنانی ئێزیدی دەكات، بەڵكو نوێنەرایەتی تەواوی ئەو دەنگە كپكراو نەبیستراوانەی كچان و ژنانی دنیا دەكات و ئازارەكانیان دەگوازێتەوە بۆ ئەو ناوەندەی كە دەبێتە خاوەندارێتی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە رووبەڕووبوونەوە و بەگژداچوونەوەی هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی بە گشتی و كچان و ژنان بەتایبەتی دەكرێت، جێی شانازییە و وەك ژنێكی كوردیش شانازی بە نادیە موراد و هەموو ئەو ژنانە دەكەم كە هەڵگری خەمەكانمانن بۆ گەیاندنی بە ناوەندە سیاسی و یاسایی و میدیاییەكانی جیهان.» هاوكات دەڵێت: «خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ نادیە، نابێت تەنیا لە رووی رووداوێكەوە، یان تەنیا لە زاویەیەكی میدیاییەوە لێی بڕوانین، بەڵكو دەبێت ببێتە هۆی وەرچەرخانێكی مێژوویی لە گۆڕینی ئەو زهنییەتە چەوتە لە چۆنیەتی ژیانكردن و قبووڵكردنی جیاوازییەكان. خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ نادیە دەكرێت ببێتە هەوێنی دەستەبەركردنی ئازادییە كەسییەكان و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی خاڵی لە هەموو ئەو ئەگەرانەی كە ترسی دووبارەبوونەوەیان هەیە، ئەمەش بابەتێكی قووڵی سیاسی و پەروەردەیی و یاسایی و كولتووری و فەرهەنگییە و دەبێت تەواوی دامەزراوەكانی هەرێم كاری هاوبەش و ستراتیژییان هەبێت، لە بواری رووبەڕووبوونەوەی جیاوازیی رەگەزی و هەڵتەكاندنی رەگ و ریشەی ئەو عورف و عادات و تەقالیدە چەوتانەی كە یەخەی تاك بە تاكی كۆمەڵی كوردەواری گرتووە و لە شوێنیدا ئەلتەرناتیڤی پێویست و زانستی دابڕێژدرێت و لە ئەرزی واقیعدا بیچەسپێنن و ببێتە كردار و رەفتار و ئاكاری تاك و كۆ لە كۆمەڵگەی كوردستاندا.» دكتۆر سورەیا فەلاح، كەسایەتی ئەكادیمی و چالاكی مافی مرۆڤ، وتەكانی بە پیرۆزباییەكی گەرم لە «نادیە موراد» و «دكتۆر دێنیس موكوێگی» دەست پێ دەكات و دەڵێت: «خەڵاتی هاوبەشی نۆبڵی ئاشتی بۆ نادیە موراد و دكتۆر دێنیس موكوێگی كە دوو كەسایەتیی دیارو چالاكی بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسین، چەكێكی بەهێزە و هیچی لەو چەكە پێشكەوتووانە كەمتر نییە كە بۆ كۆتاییهێنان بە تیرۆریستان بەكاری دەهێنن.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هەندێ كەس رەخنە لە نادیا موراد دەگرن، بەوەی كە گوایە كوردبوونی خۆی رەتكردووەتەوە، ئایا ئەوە چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت؟ گوتی: «نادیا موراد لە كوردستان لەدایك بووە و لە زۆربەی وتووێژەكانیدا بە زمانی كوردی قسە دەكات، خۆی بە ئێزیدی دەناسێنێت، ئێزیدییەكانیش كوردی رەسەن و هاوبەش و خاوەنی خاكی كوردستانن، ئەگەر ئینكاری ئەوەی كردبێت، ئەوا پشتیوانی بەشێكی زۆری گەلەكەی لەدەست دەدات، بەڵام ئەوەی كە بە تەنیا خۆی بە ئێزیدی بناسێنێت، بەوە هیچ لە بایەخ و پێگەی كەم نابێتەوە، ئەوە ناسنامەیەتی و بە مانای رەتكردنەوەی كوردبوونی نییە. نادیا موراد لە ئێستادا بووەتە نوێنەری هەرزاران ئافرەتی ئێزیدی كە گەورەترین كارەساتیان بەسەر هاتووە، هەروەها بە هۆی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەوە ئەركی سەرشانی نادیە موراد زۆر قورستر دەبێت و پێویستە هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بنبڕكردنی دەستدرێژی سێكسی و ئازادی و یەكسانی لە ئاستی جیهانیدا بەردەوام بێت و كار بۆ نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی لەژێر هەر بیانوویەكدا بكات. ئەو خەڵاتە تایبەتە بەو كەسانەی ژیانی خۆیان بۆ بڵاوكردنەوەی ئاشتی لە جیهاندا تەرخان دەكەن، هەر بۆیە شایانی گرینگی پێدانی هەموو لایەكە و هیوادارم حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی ئافرەتانی كوردستان بایەخێكی زیاتری پێ بدەن و بە هەموو شێوەیەك هاوكاری بكەن، هەتا بتوانێت كەیسی ئیزیدییەكان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە فەرمی وەك ژینۆساید بناسرێت.» دكتۆر سورەیا فەلاح ئەوەشی خستەڕوو كە لە كەمپینی گەورەی «می توو»، زۆر لە رۆژنامەنووسان نادیە مورادیان هان دا، كە واز لە بێدەنگی بهێنێت و چیرۆكی تاڵی خۆی بۆ هەمووان بڵێتەوە، هەتا دەنگی هەزاران قوربانیی وەك خۆی بۆ هەموو جیهان بەرزبكاتەوە. گوتیشی: «دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە كاتی شەڕدا» لە ژێر هەر بیانوویەكی ئایینی و ئایدیۆلۆژی وەك چەكێكی نائینسانی كەڵكی لێ وەرگیراوە، كە پێویستە هەموو جیهان پێكەوە هەوڵی بنبڕكردنی بدەن، خۆیشم هەر لەو بوارەدا لە ساڵی ٢٠١٢ تا ئێستا بەشداریی چەندین كەمپینی نێونەتەوەییم كردووەو وتارم هەبووە و بەرهەمێكیشم لەو بوارەدا هەیە. بەڵام هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی ئەو تاوانە دژی مرۆڤایەتییە پێویستە زۆر بەرفراوانتر و گشتگیرتر بكرێت.» حەیات مەجید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە لایەن كچێكی قوربانیی دەستی جەنگ، دەستكەوتێكی گەورەیە كە سەرەڕای هەموو ناڕەحەتی و ناهەموارییەكانی ژیان كە یەخەیان پێگرتبوو، سەرەڕای لەدەستدانی خانەوادەكەی و سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی چەشتبووی: لەژێر دەستی تیرۆریستاندا، كۆڵی نەدا، نادیە بەردەوام بوو لە ژیان و لەسەر پێیەكانی خۆی وەستا و بە هەموو دونیای وت: منی ئافرەت سەرەڕای هەموو سەختییەكانی ژیان بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونەوە رووبەڕووی ئازارەكانم بوومەوە. نادیە بووە سیمبولی بەهێزیی ئافرەت لە دنیادا، بۆیە ئەو دیارییە نێودەوڵەتییە شایستەی ئەو خانمە بوو، كە چیرۆكە سەختەكانی خەمی هەزاران ژنی لە سەرشانی خۆی ناوە و هەوڵی رزگاركردنیان لە بندەستی تیرۆرستان دەدات.» |
|
Source:
http://gulan-media.com/sorani/details.php?section=4&id=27999&fbclid=IwAR2QUUueoNqkYqlr2kMBE4iHkc1cGV9ynTOUk5aBRGxkBkhy2LVpINtFLtA
No comments:
Post a Comment