Friday, October 04, 2019

وتوێژی گوڵان له گه ڵ په سپۆری باسی منداڵ: رەنگدانەوەی پەروەردەی دایك لە سەركەسایەتیی منداڵ


رەنگدانەوەی پەروەردەی دایك لە سەركەسایەتیی منداڵ
خێزان یەكەم وێستگەی پەروەردەكردنە و مامەڵەكردنی خێزانیش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەسایەتیی منداڵ دەبێت، بەتایبەتی دایكان كە ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە قورسە دەكەوێتە ئەستۆیان، هەر بۆیە هەتا دایك وشیارتر و ئاگاتر بێت، زیاتر لە پەروەردەكردنی دروستی منداڵەكەیدا سەركەوتوو دەبێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی رۆڵی دایك لە پەروەردەكردنی منداڵدا تاوتوێ دەكەن.

سەرەتا كەسایەتی ئەكادیمی و چالاكی بواری مافی مرۆڤ د. سورەیا فەلاح، باسی ئەوە دەكات كە «دایك وەكو پەرستاری سەرەكیی منداڵەكەی زیاترین بەشداری لە ژیانی منداڵدا هەیە، ئەركی دایكیش تەنیا تێركردنی منداڵ و گەورەكردنی جەستەی نییە، بەڵكو پەروەردەكردنی عەقل و هۆشی منداڵەكەش ئەركی سەرەكیی دایكە و هەر دایكیش لە دروستكردنی كەسایەتیی منداڵەكەیدا رۆڵی سەرەكی دەبینێت. هەر بۆیە چۆنیەتی پەروەردەكردنی منداڵ بە زانست و وشیاریی دایكەوە گرێ دراوە.» رۆڵی دایكیش لە پەروەردەی منداڵدا بەمجۆرە خاڵبەندی دەكات: «یەكەم: پەیوندی (attachment)، پەیوندیی نێوان دایك و منداڵ لە كاتی پێش لەدایكبوونی منداڵەكەیەوە دەست پێ دەكات. هەڵبەت زور لە پسپۆڕان لەو باوەڕەن كە پەیوندیی نێوان دایك و منداڵ پاش لەدایكبوونی منداڵەوە دەست پێ دەكات. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتەكەیدا ئەگەر دایك نەتوانێت پەیوەندییەكی قووڵ لەگەڵ منداڵەكەیدا دروست بكات، پەیوەندییەكی سارد و سڕیان دەبێت، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەسایەتی و باری دەروونی منداڵەكە دروست دەكات. دووم: «هەستی متمانە بەخۆكردنە»، ئەگەر دایك رێزی منداڵی نەگرێت، یان توندوتیژ بێت لەگەڵی، یان لەبەر چاوی كەسوكاریدا سووكایەتی پێ بكات، ئەوا هەستی متمانە بەخۆكردن لە منداڵەكەدا زۆر لاواز دەبێت. سێیەم: هەستی متمانە بە دنیا (Trust)یە، كە هەستێكی زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی ئەگەر منداڵ ژیانێكی خۆشی هەبێت، جوانتر لە دنیا دەڕوانێت و باشتر هەستی پێ دەكات، بەڵام ئەگەر دایكێك كاتی باش بۆ پەروەردەی منداڵ تەرخان نەكات، یان ناشارەزا بێت، یان رووی خۆش بە منداڵی نەدات و بە جیهانی دەرەوەی ماڵ ئاشنای نەكات، ئەو منداڵە هەستی بە دونیا لاواز دەبێت. چوارم: فێركردنی سەربەخۆییە كە خاڵی سەرەكییە بۆ گەشەی كەسایەتیی منداڵ و وادەكات بۆ زۆر شت پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت، زۆریش پێویستە دایكان منداڵی خۆیان هان بدەن بۆ ئەوەی بەشێك لە كارەكانی خۆیان بكەن، وەك خاوێنكردنەوەی ژووری خۆیان، كۆكردنەوە و رێكخستنی كەلوپەلی یارییەكانیان، هەروەها پێویستە دەرفەتی ئەوە بە منداڵ بدەن كە پرسیار بكات و رای خۆی دەرببڕێت. پێنجەم: شادبوونە، دایكانی خەمۆك ناتوانن منداڵی شاد و بە وزە و بە توانا دروست بكەن، منداڵیش زۆر هەستیارە بە خەمەكانی دایكی خەمبار دەبێت و ئەو خەمبارییەش رێگری لە سەركەوتنەكانی دەكات
مەحموود عەبدولكەریم باجەڵان، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە سلێمانی و سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە: «دایك قوتابخانەی یەكەمی پەروەردەی منداڵە و كاریگەریی رۆڵ و پێگەی دایك زۆر بەهێزە لە بنیادنانی كەسێتی و جۆری پێگەیاندنی منداڵدا، چونكە دایك بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوە لە هەڵگرتنی منداڵ و دواتریش شیرپێدان و بەخێوكردن و ئەو هەست وسۆزە زۆرەی كە بەرامبەر بە منداڵ هەیەتی و ئەو ماوە زۆرەی كە منداڵ لەگەڵ دایكدا بەسەری دەبات، وای كردووە كاریگەری دایك زیاتر بێت، بەڵام ئەمەش واتای ئەوە نییە كە باوكان خۆیان ببوێرێنن لەو پرۆسە گەورەیەی پەروەردەكردنی منداڵ، هاوكاریكردن و دابەشكردنی رۆڵەكان لە پێگەیاندنی منداڵدا كارێكی پێویستە و لەیەك گەشتن و هاوكاریكردنی دایك لە ماڵەوە و لە دەرەوە بۆ بنیادنانی هەلومەرجێكی تەندروستی پەروەردەیی زۆر پێویستە، تا منداڵ تیایدا بە ئارامی و هاوسەنگی گەورە ببێت و بنیادی كەسێتی و تواناكانی بنێت، هەروەك لە توێژینەوەیەكی ئەمریكی دەركەوتووە كە دوانزە هەزار دایك و باوك تیادا بەشدار بوون، دایكان بە رێژەیكی زۆر زیاتر ماندوودەبن و تووشی گوشار و پەستانی دەروونی دەبن لە مانەوەیان لەگەڵ منداڵان و بەشێكی زۆری كاتەكانیان بە منداڵەوە سەرقاڵن، لە هەموو ساتەكاندا بە خۆش و ناخۆشیەوە، بەڵام باوكان تەنیا لەكاتی كات بەسەربردن و یاری لەگەڵ منداڵەكانیان دەبن، ئەمەش كارێكی ناهاوسەنگە و بۆیە دەبێت باوكان بەشێكی ئەو بەرپرسیارێتیەی پەروەردەی منداڵەكانیان لە ئەستۆ بگرن
چالاكی مەدەنی شیلان ئاستەیی سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «هەست بە بەرپرسیاریەتیی دایك بۆ منداڵ وا لە دایك دەكات، هەمیشە حەز دەكات منداڵ لە ژێر پەروەردەی خۆیدا پێی بگەیەنێت و پەروەردەی بكات، لێرەشدا دایك هەڵدەستێ بە ئەركێكی پیرۆز، ئەویش پەروەردەكردنی منداڵەكەیەتی لەلایەن خۆیەوە تا تەمەنی هەستكردن و ژیری و پێگەیاندن، منداڵ لەژێر رەحمەت و سۆز و میهرەبانی و فێركردن و پەروەردە و تەنانەت بە سزادانی سووك لە لایەن دایكەوە كەسایەتی و ئەخڵاق دروست دەبێت، واتا، ئاخافتن و جۆری مامەڵەكردنی دایك (بە ئەرێنی و نەرێنی) لەگەڵ منداڵ راستەوخۆ كاریگەری لە سەر كەسێتی منداڵەكەی دەبێت. دەتوانین بڵێن منداڵ هەویرێكی نەشێلدراوە، چۆنت بوێ ئاوای دەشێلی، بۆیە پێویستە دایك پەروەردەیەكی ژیرانە و مرۆڤانەی هەبێ، تا منداڵەكەی ژێر و سەردەمیانە پێ بگات.» گوتیشی: «دایك بە گشتی و دایكی كورد بەتایبەتی هەر لە دێر زەمانەوە هەوڵێكی چڕوپڕیان داوە بو ئەوەی منداڵ بە جوانترین شێوە پەروەردەی بكەن. دایكانی ئەمڕو لە پەروەردەی منداڵ ئەركێكی قورستریان هەیە، ئەویش بە هۆی ئەو تەكنەلۆژیایەی كە ئێستا زورێك لە منداڵان و لاوانی نەوجەوان پێوەی بەستراونەتەوە. كاری گرینگیش كە دایك پێویستە بۆ دروستكردنی كەسایەتییەكی باش بۆ منداڵەكەی بیكات، متمانەپێكردن و چاودێرییە و هەمیشە دەبێت هەوڵی نزیكبوونەوە لە منداڵەكەی بدات، هەم وەكو دایك و هەم وەكو هاوڕێ. من وەكو دایكێك كە لە هەندەران دەژیم، ئەركێكی قورسترم هەیە، ئەویش بە هۆی ئەو دابونەریتانەیە كە لەم وڵاتانە هەن. دین، كولتوور و دابونەریت و زمانیان جیاوازە لەگەڵ كوردستان، جا پەروەردەی منداڵ تەنیا خوێندن و بەخێوكردن نییە و چەندین خاڵی دی لە خۆی دەگرێت، لەوانە: چالاكیی منداڵ وەكو خوڵی راهێنانی وەرزشی، شێوەكاری، زمانەوانی و چەندان چالاكیی دیكە بۆ ئەوەی منداڵ لە منداڵبوونی چێژوەربگرێت و داهاتووشی گەش بێت
Share