Tuesday, August 14, 2018

پێگەی ئافرەتان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا بەهێزتر دەكرێت


د. سورەیا فەلاح وێڕای دەستخۆشیكردن لە پەرلەمانی كوردستان بە هۆی ئەو بڕیارە مێژووییەی كە بە یاسا جێگیر كرا لە یەكێك ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئافرەت بێت، گوتی: «ئەو یاسا و بڕیارەی كە لە یەكێك ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەبێت ئافرەت بێت، هەنگاوێكی مێژوویی و زۆر گرینگە و دەكرێت وەك رەمزێكی پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەیر بكرێت، ئەوەش بەتەنیا بەرهەمی كرانەوەی پیاوی سیاسی بەرامبەر بە ئافرەت نییە، بەڵكو بەرهەمی توانا و كارامەیی و كۆششی خودی ژنانە كە سەلمان..

پێگەی ئافرەتان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا بەهێزتر دەكرێت
http://www.gulan-media.com/web_files/P.gif   http://www.gulan-media.com/plus.gif http://www.gulan-media.com/minus.gif http://www.gulan-media.com/font.gif
به‌رواری دابه‌زاندن: 30/07/2018 : 11:25:58
ژمارەی بینین: 1348
http://www.gulan-media.com/articles/edfgg.gif
بڕیارە هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ (2018) بەڕێوە بچێت، لە هەفتەی رابردووش پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەموار كردو بە یاسا چەسپاندی كە دەبێت یەكێك له ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان (سەرۆكی پەرلەمان، یان یەكێك لە دوو جێگرەكەی) ئافرەت بێت، چالاكانی سیاسی و مەدەنیش دڵخۆشیی خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن و بە هەنگاوێكی مێژوویی لە قەڵەمی دەدەن و جەخت لەوەش دەكەنەوە كە بە یاسا پێگەی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان و كۆی كۆمەڵگەدا بەهێزتر كراوە و ئەوەش زۆر كاریگەری ئەرێنیی لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا دەبێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان، راوسەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

گوڵان – كۆمەڵایەتی
سەرەتا پەرلەمانتار حەیات مەجید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: «نزیكەی سێ ساڵە خەریكی هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانین و دانیشتنی زۆری بۆ كراوەو خۆشبەختانە لە هەفتەی رابردوو بە تەواوەتی دەنگ لەسەر هەموو ماددەكانی پەیڕەوەكە درا، كە خۆی لە بنەڕەتدا (149) ماددە بوو، بەڵام هەندێك لە ماددەكان دەمج كران و هەندێكی پێ زیاد كران، لە كۆتاییدا پەیڕەوەكە 127 ماددە لەخۆ دەگرێت، كە گرینگترینیان بە رای من بەشی 3یەمی ماددەی 10یەم بوو، كە چەسپاندنی ئافرەتێك بوو لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش دەستكەوتێكی گەوەرە بوو بۆ مێژووی پەرلەمان و كاری سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا. چەسپاندنی ئافرەتێك لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەستكەوتێك نییە تەنیا بۆ كاری سیاسی و پەرلەمانی، بگرە تەكانێكی زۆر گەورەیە لە بەرەوپێشچوونی رەوشی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان كە ئافرەت لە یەكێك لە دەسەڵاتە گرینكەكانی حوكمڕانی و بڕیارداندا وجوودی هەبێت.» گوتیشی: «وەكو ئافرەتێك دڵخۆشم كە توانیمان لەو پەیڕەوەدا هەموومان جێدەستی خۆمان دیاری بكەین، كە مێژوویەكی پڕ لە سەروەری دەبێت بۆ خولی چوارەمی پەرلەمان و سوپاسی هەموو پەرلەمانتارانی بەڕێز دەكەم، كە نەك تەنیا ئافرەتان، بەڵكوو پیاوانیش پشتیوانییان لەو بڕیارە كرد، ئەوە مایەی خۆشحاڵی بوو، هیوادارم لەمەودوا ئافرەتی ئێمە تەنیا لە كاردا بەشدار نەبێت، بەڵكو خاوەن قەرار بێت و بتوانێت بڕیاری خۆی بدات، ئەگەر پرۆژەی بەشداریی ئافرەت بە رێژەی 30% لە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكاریش پەسەند بكرێت، كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، ئەوا بەڕاستی دەستكەوتێكی گەورەی دیكەیە و خەرمانێكی دیكە دەچێتە سەر ئەو مەڵۆیە كە چەندین ساڵە ئافرەتی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەن و ماندووبوونی بۆ دەچێژن.»
د. سورەیا فەلاح چالاكی مافی ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «بۆ ئەوەی بزانین تا چەندە بەشداریی ئافرەتان لە پەرلەمانی وڵاتێكدا دەتوانێت لەسەر وەزع و چارەسەری گیروگرفتی وڵاتەكە كاریگەری دەبێت، پێویستمان بە زانستێك لە سەر وڵاتانی دیكە هەیە.» هاوكات دەڵێت: «ژمارەی بەشداریی ژنان لە پەرلەمانەكانی وڵاتانی دنیادا زور نییە. بەپێی ئامارەكان زیاتر لە40%ی پەرلەمانی وڵاتان كەمتر لە 10%ی پەرلەمانتارەكان ژنن، واتە تەنیا چەند وڵات هەن كە رێژەی بەشداریی ژنان زیاتر لە 10%ی تێپەڕاندووە. كاتێك كە پێوەندیی سەركەوتوویی و رێژەی بەشداربوونی خانمان لە وڵاتان هەڵدەسەنگێنین، پێوەندییەكی پۆزەتیڤ و باش دەكەوێتە بەر چاو. بۆ نموونە: وڵاتانی رواندا و بۆلیڤیا بەرزترین رێژەی بەشداربوونی ئافرەتیان لە پەرلەماندا هەیە. ئەم رێژە بەرزەی بەشداربوونی ژن لە پەرلەمانی ئەو وڵاتانەدا لە سەر پرۆسەی یەكسانیی رەگەزی كاریگەری زۆری داناوە و یارمەتیدەری عەدالەتخوازی و دەرچوونی یاسای دادپەروەرانەی زیاتر بووە.» گوتیشی: «پەرلەمان دەستكەوتی دیموكراسیخوازییە و پەرلەمانی هەر وڵاتێك یەكێك لە گرینگترین و گەورەترین پێگە بەرزەكانی حوكمڕانییە كە هێزی یاسادانانە و كاتێك ئافرەتێك لە سەركردایەتیی ئەو هێزەدا بێت، بێگومان پرۆسەی چارەسەری كێشەوگرفتەكانی كۆمەڵگە بەهێزتر و دادپەروەرانەتر دەكات. ئەمە بە مەرجێك كە ئەو ئافرەتە كارامە و بەتوانا بێت و بتوانێت بە بێ جیاوازی گرینگی بە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بدات. هەروەها پڕۆژەی بۆ پەروەردە، راهێنان، وەبەرهێنانی گەنجان، چاودێریی بەساڵاچووان و بێ سەرپەرستان و...هتد هەبێت. هەروەها یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی سەركەوتنی پەرلەمانتار، ئەوەیە كە نوێنەری راستەقینەی كۆمەڵگە بێت، نە تەنیا خۆی بە نوێنەری حزبێك بزانێت و تەنیا كار بۆ بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی خۆی و حزبەكەی بكات.»
د. سورەیا فەلاح وێڕای دەستخۆشیكردن لە پەرلەمانی كوردستان بە هۆی ئەو بڕیارە مێژووییەی كە بە یاسا جێگیر كرا لە یەكێك ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئافرەت بێت، گوتی: «ئەو یاسا و بڕیارەی كە لە یەكێك ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەبێت ئافرەت بێت، هەنگاوێكی مێژوویی و زۆر گرینگە و دەكرێت وەك رەمزێكی پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەیر بكرێت، ئەوەش بەتەنیا بەرهەمی كرانەوەی پیاوی سیاسی بەرامبەر بە ئافرەت نییە، بەڵكو بەرهەمی توانا و كارامەیی و كۆششی خودی ژنانە كە سەلماندوویانەوە لە ئیدارەكردنی وڵاتیشدا دەتوانن رۆڵی كاریگەریان هەبێت.» گوتیشی: «ئەگەرچی وەزعی كوردستان لە ئاستێكدا نییە كە لە ئامار و داتا نێونەتەوەییەكاندا وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو بتوانین باسی بكەین، بەڵام بۆ ئێستا و داهاتووی كوردستان زۆر گرینگ و مێژووییە كە ئافرەتێك بتوانێت سەركردەی هێزێكی حوكمڕانیی وڵاتەكەی بێت.»
عارف روشدی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئافرەت لە كومەڵگەی كوردیدا هەمیشە رێزلێگیراو بووە، بێجگە لە هەندێ كردەوەی نابەجێ لەلایەن هەندێ توێژی دواكەوتوو نەبێت، ئافرەت بەشداری هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و شۆڕشەكانی گەلەكەماندا بە شێوەیەكی رێژەیی، بەڵام لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی دامودەزگاكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، ئاستی بەشداریی ئافرەت لە بوارە گشتییەكاندا لەوانە لە پەرلەمان، وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەكانی دیكەدا و تەنانەت لە سەركردایەتیی حزبە سیاسییەكانیشدا بەرەو هەڵكشان بووە، بۆیە بڕیاردان لە بارەی بوونی ئافرەتێك لە پێكهاتەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، درێژەپێدەری ئەو بەشداربوونەی ئافرەتانە لە كومەڵگەی سیاسیدا، ئەوەش هەنگاوێكی واتادارە لە ئاستی پەرەسەندنی كرانەوە بەرامبەر بە گەشەدان بە پرۆسەی یەكسانیخوازی لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا، زۆریش گرینگە ئافرەت بتوانێت بە تواناكانی خۆی لە هەموو پلەكانی بەرپرسیارەتیدا بوونی خۆی بسەلمێنێت، ئومێددەكەم بتوانین لە كاتیكی گونجاودا ئافرەتان بەدەر لە سیستمی كۆتا بگەنە ئەو ئاستە.».
یاساناس یادگار مەحموود، رایوایە: «كورد بە دەستنیشانكردنی ژنێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیسەلمێنێت كە كەلتوور و تێڕوانینی بۆ ژن لە نەتەوەكانی دیكەی ناوچەكە جیاوازە و بە كەلتووریش دیموكراتە و كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن لە هەست و نەستیدا بوونی هەیە ؛ گوتیشی: «وێڕای بارودۆخی سەختی سیاسی، بەربەستە ئایینی و كەلتوورییەكان ژنی كورد بەراورد بە ژنانی نەتەوەكانی ناوچەكە كە كیانی سەربەخۆشیان هەیە، لە ئاست بەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەكاندا چەندین هەنگاو لە پێشە، بەڵام دوای چەندین خولی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی پێ نەدراوە. بێگومان دەستنیشانكردنی ژنێك وەك سەرۆكی پەرلەمان، یان ئەندامێكی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆ هۆكارێكی گرینگە بۆ بەهێزبوونی دیموكراسی. بەهێزكردنی ئەو چەمكەش لە خێر و بەرژەوەندیی گشتیدایە، چونكە هەر كۆمەڵگەیەك چینێك بچەوسێنێتەوە، دیموكراسیی راستەقینەی تێدا نایەتەكایەوە. یەكێك لە پرەنسیپەكانی دیموكراسیش یەكسانی نێوان رەگەزەكانە لە مافە سیاسی و مەدەنییەكاندا. ئەم یەكسانییە لە مافەكاندا هاوسەنگییەك دروست دەكات لە ئاستی جیاوازدا، ئەم هاوسەنگییەش پرۆسەیەكە كە بەرەو دیموكراسیكردنی كەلتوور هەنگاو دەنێت و دواجار كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و مۆدێرن بەرهەم دێت. ئەم دۆخەی ناوەوەی كۆمەڵگە، وەك كیانێك، لێرەدا مەبەست لە هەرێمە، هەرێم دەباتە قۆناغێكی ترەوە لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسیدا، كە دواجار دەچێتە خزمەت كەیسە سیاسییەكەی كورد. وڵاتانی پێشكەوتوو خێراتر پەیوەندی لەگەڵ دیموكراسیدا دەبەستن و بەمەش كورد بە دەرەوەی خۆی دەڵێت كە ئێمەی كورد جیاوازین لە نەتەوەكانی ناوچەكە، بە كەلتووریش دیموكراسین» .
عەونی حەمید عەلی راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، لە دەستپێكی وتەكانیدا دەڵێت: «سەرەتا دەستخۆشی لە گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ ورووژاندنی ئەم پرسە گرینگە، هەڵبەت بەشداریی كارای ئافرەت لە گشت كایەكانی ژیان پێویستە، نەك هەر لە پۆستە كارگێڕی و سیاسییەكاندا، هیچ كۆمەڵگەیەكیش ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بكات كە كۆمەڵگەیەكی زیندووە، ئەگەر ئافرەت رۆڵی خۆی لە پەرەپێدان و گەشەكردنی كۆمەڵگەكەدا نەبینێت.» گوتیشی: «هەرێمی كوردستان بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە ئاستێكی مامناوەندە، دیارە ئەمەش لەگەڵ مێژوو و پرەنسیپەكانی خەباتی شۆڕشەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی كورد یەك ناگرێتە، ئاخر ئافرەتی كورد كۆڵەگەی سەرەكیی شۆڕشی كوردستان بووە، چ لە رووی بەشداریی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی شۆڕش شان بەشانی پیاو كە ئەمەش نیشانەی هۆشیاریی ئافرەتی كورد بووە بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ».
ئەو راوێژكارەی پەرلەمانی كوردستان لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە رووی یاساكانی پەرلەمانەوە هەرێمی كوردستان لە بەشی عەرەبیی عێراق پێشكەوتووترە، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رێژەی كۆتا بۆ ئافرەت ٢٥%ـە، بەڵام لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رێژەكە ٣٠%ـە.» گوتیشی: «ئەگەر بەراوردێكی خێرای هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ناوچەكە بكەین، دەبینین لە ئاست وڵاتانی كەنداو و تا رادیەك بەشی عەرەبیی عێراقیش رۆڵی ئافرەتی كورد زۆر بەرزترە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەگەر بە توركیای جیرانی بەراورد بكەین، ئەوە بەداخەوە دەبینین لە ئاستی پێویست نییە. وێڕای ئەوەش خۆشبەخاتە پەرلەمانی كوردستان هەفتەی رابردوو هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی كرد و لەمبارەیەوە بە یاسا چەسپاندنی كە دەبێت یەكێك ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئافرەت بێت، واتە یان سەرۆكی پەرلەمان، یاخود یەكێك لە دوو جێگرەكەی دبێت ئافرەت بێت، لێرەدا وێڕای دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەم هەنگاوە گرینگە، بەڵام پێویستە ئەوەش بگوترێت كە ئەم گۆڕانكارییە وەك بەخششێك بە ئافرەتی كورد نەدراوە، بەڵكو لەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئافرەتی كورد توانیویەتی شایستەیی و لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت لە پۆستێكی ئیداری، یان سیاسی كە پێی سپێردرابێت، بەهیوای ئەوەی سەرۆكی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئافرەت بێت.

 

 

 

                                                                    http://www.gulan-media.com/sorani/details.php?section=4&id=27968