- وت و ویژی گولان میدیا له گه ل سوره ییا فه لاح له سه ر بارو دوخی ژنان له ئه مریکا و کوردستان
-
گوڵان – كۆمەڵایەتی
سورەیا فەلاح وەك نووسەر و چالاكڤانێكی دیاری بواری دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان، سەبارت بە پرسی ژن و گرفتەكانی لە كۆمەڵگەی جیاوازدا راوسەرنجی خۆی بۆ گوڵان دەخاتەڕوو. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە كۆمەڵگەی عەشیرەتی و پیاوسالاری بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی ئامادەكاری ناكرێت.
گوڵان: پەسەندكردنی یاسای باری كەسی لە پەرلەمانی كوردستان مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە، یاسای بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیش تا هەنووكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكراوە، لەوبارەیەوە رات چییە؟
سورەیا فەلاح: هەڵسوكەوت و گفتوگۆی یاساكە تا پەسەندكردنی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە كوردستانیش پرۆسەی سیاسی و مەدەنی كاریگەرییەكی زۆری هەیە، دیارە پەسەندكردنی یاساكە كاری پەرلەمان بوو، بەڵام شتی نەشیاوی زۆری تێدایە، پەسەندكردنی یاسای فرەژنی، هاوسەرگیری لە تەمنی 16 ساڵی، نەبوونی هاودەنگی لە مەسەلەی "نشوز"، كێشەی "میرات" و... هتد، ئەو كەموكوڕییانە لە یاساكەدا سەلماندی كە یەكەم: كۆمەڵگەی عەشیرەتی و پیاوسالاری لە باشووری كوردستان هێشتا نەیتوانیوە ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بكات، دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە بە شێوەیەكی پێشكەوتوو ئایین لە دەوڵەت جیا بكاتەوە. نەك هەر من، بەڵكو هەموو چالاكانی دەستەبەركردنی مافی ژنان لە سەرانسەری دنیا بڕوایان بە فرەژنی نییە. لە كوردستان دەزگای یاسادانان فرەژنی لە هاوسەریدا قبووڵ دەكات، بۆیە ئەمە پێویستی بە تێهەڵچوونەوە و كاری زۆر هەیە. لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 حكومەتی نوێی عێراق دەستوورێكی تازەی لە سەر بنەمای شەرعەتی ئیسلام دانا، هەروەها بە كراوەیی و ئاشكرا ئاپارتایدێكی جێندەری بەرامبەر بە ژن بە شێوەیەكی دەستووری بەكار هێناوە. ئەگەر هەرێمی كوردستانیش، وەك هەرێمێكی پێشكەوتووتر نەتوانێ یاساكانی مەدەنیتر و جیاواز بێت لە یاسای دانراوی عێراقی، ئەوە بێگومان گۆڕانكاری لە وەزعی ژنانی كورد زۆر دەوادەكەوێت. دەبوا پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو یاسایە زۆر دیموكراتیتر بیری بكردایەتەوە، یاسای باری كەسی رەگەزخوازی تیایە و ژن بە دەرەجە دوو دەناسێ و زیانی زۆرە بۆ مافەكانی ژن.
گوڵان: پەسەندكردنی یاسای لەوجۆرە و پێشیلكردنی مافەكانی ئافرەت تا چەند دەسەڵات و تا چ ئاستێك كۆمەڵگە لێی بەرپرسیار دەبێت؟
سورەیا فەلاح: بێگومان لە پەسەندكردنی یاسای باری كەسی دەسەڵاتی كوردستان خەتابار و تاوانبار نییە، چونكە زۆرینەی نزیك بەگشتی لە كۆمەڵگەی كوردی بڕوایان بە هژموونی تیۆریتەی سیاسیی شەریعەتی ئیسلامییە.
گوڵان: كەواتە رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرەوپێش بردن و جێگیركردنی مافەكانی ئافرەتاندا چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟
سوریا فەلاح: نكۆڵی لەوە ناكرێت كە دوای رزگاربوونی باشووری كوردستان تاڕادەیەك هەوڵەكانی حكومەتی كوردی بۆ دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەی كوردی و هەروەها هاتنە مەیدانی ژنان خراپ نەبووە و ژن رۆڵی گێڕاوە و ژنان چالاكی خۆیان فراوانتر كردووە.
گوڵان: ئەگەر حكومەت و پەرلەمان رۆڵی ئەرێنییان لە پێشەوەبردنی ئافرەتان هەبووە،ئەی بۆچی پاش دەرچوونی یاسای باری كەسی لە كوردستان، چەندین كەمپیینی جیهانیتان لە دژی رێكخست؟
سورەیا فەلاح: باسی یاسادانان و هەژموونی تیۆری دینی لە سەر یاسەكەمان كرد، لەو بوارەوە گوتمان حكومەت تاوانبار نییە و رای گشتی كۆمەڵگە بەسەریدا زاڵە، بەڵام ئەوەش نابێت ببێتە هۆی دەستەوەستانی حكومەتێك كە بانگەشەی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەكەی دەكات، بۆیە پاش دەرچوونی یاسای باری كەسی لە كوردستان، چەندین كەمپیینی جیهانی لە دژی ئەم یاسایە رێكخران و چەندین نامەی سەركراوە ئاراستەی پەرلەمان و بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كران و چالاكانی مافخوازی ژنان ئەوپەڕی نیگەرانی خۆیان لەپەسەندكردنی ئەو یاسایە دەربڕی. هەتا یاسای لەو جۆرە هەبێت، كە ئافرەت بە پلە دوو سەیر بكات، ئەوا بەردەوام مافەكانی ژن پێشێل دەكرێت، دادگایەكی تایبەت بۆ سزادانی ئەو پیاوانە نییە كە توندوتیژی بەرامبەر بە هاوسەر و خێزانی خۆیان بەكار دەهێنن، بۆیە بەداخەوە هێشتا ڕەشەكوژی و ژنكوژی و دیاردەی نائینسانی خەتەنەكردنی كچان و بە زۆرەملێ بە مێرددان و سووتاندن و خۆسووتاندن و خوكوشتنی ژنان بە ڕێژەیەكی زۆر دەبیندرێ. بەڕای من فرەژنی و نایەكسانی لە دابەشكردنی میرات و توندوتیژی پیاو بەرابەر بە ژن، رێگەخۆشكەرن بۆ زیادبوونی ئەم دیاردانە. ئەوەش كە زۆر جێگەی مەترسییە، ئەوەیە كە ئەم پرسانە لێكۆڵینەوەی ورد و بابەتی و جددی و زۆری لەسەر نەكراوە. بۆیە ژن لە جیاتی ئەوەی خەریكی دروستكردن و ڕێكخستنی كۆمەڵگە بێت و لە فێربوون و فێركاریدا جێگەی بكرێتەوە، بە وەستاندن و ڕووخاندنی و لەناوبردنی، مافە ئینسانییەكانی پێشیل دەكرێ.
گوڵان: بۆ ئەوەی زیانیاری و هۆشیاری زیاتر بە كۆمەڵگە بدەین، پێویستە بزانین جۆرەكانی توندوتیژی بەتایبەتی بەرامبەر بە ئافرەت چین و چۆن بنبڕ دەكرێن؟
سورەیا فەلاح: توندوتیژی بەرامبەر بە ژن یەكێكە لە زیاترین توندوتیژییەكان كە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت و لە هەموو كەلتوور و كۆمەڵگەیەكیشدا بەئاستی جیاواز بوونی هەیە. یەك لە سێ ژن بە جۆرێك رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، واتە لە لایەن هاوسەر و باوك و برا، یان لە لایەن خۆشەویست وهاوڕێ و تەنانەت كەسی نەناسراو و غەریبەوە تووشی ژنان دەبێت و هەندێكجاریش بە كوشتنی ژن و مردنی كۆتایی پێدێت. یەك لە سێ ڕێژەیەكی زۆر ترسناكە.
سەبارەت بە جۆرەكانی توندوتیژی، ئەوا چەندجۆرێكی دەخەمەڕوو كە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشان كراون، كە بریتین لە:
1. توندوتیژی لە ماڵەوە و لە ناو ئەندامانی بنەماڵە، هەروەها لەلایەن هاوسەر و هاوبەشی ژیان.
2. توندوتیژی سێكسی بە بێ رەزامەندی ژن.
3. توندوتیژی نەریتی و سوننەتی وەكو خەتەنەی كچ، كوشتن لەسەر مارەیی كە لە بەنگلادش و چەند وڵاتێك بوونی هەیە.
4. كڕین و فرۆشتنی ژنان و كچان.
5. توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە كاتی شەڕی چەكداری.
6. توندوتیژی بە زمان و جنێودان كە كاریگەری زۆری لەسەر باری دەروونی دەبێت.
بنبڕكردنی توندوتیژی كار و پلانی بەردەوامی پێویستە، تەنیا لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا ساڵانە زیاتر لە شەش بیلیۆن دۆلار بۆ شەڕ لەگەڵ دیاردەی توندوتیژی خەرجدەكرێت. یەكێك لە گرفتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن ئەوەیە كە هێشتا زۆر كەس ئەوە بە مەسئەلەیەكی شەخسی و بنەماڵەیی دادەنێن، واتە بە كێشەی كۆمەڵگەی نازانن كە پێویستی بە یارمەتی دەروونناس دادوەر و دەسەڵات هەبێت. ئەم دیاردەیە پێویستی بە ئیشێكی زۆر هەیە بۆ ناسین وناساندنی بە كۆمەڵگە. بۆ نموونە لە كۆمەڵگەی كوردی، لێدان وجنێودان بە توندوتیژی نازانن، یان زۆربەی یاساكان لە ئێران لە دژی ژنانە واتە ئەگەر خۆیان دەستووری توندوتیژییان بەرامبەر بە ژن نەدابێت، ئەوا توندوتیژی هەڵدەگیرسێنن، بۆ نموونە پیاو لە ژن بدات و زەخت و زوڵمی ماڵەوە ژن بكێشێ بۆ دادگا، یاسای ئیسلامی دەڵێت دەشێ ژن ئیسپاتی بكات. ئەگەر چاویشی كوێر كرابێت، مافی جیابوونەوە بە ژن نەدراوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریكا ساڵانە یارمەتی ماددی دەداتە ئەو رێكخراوانەی كار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكەن. هەموو ساڵێكشس لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بابەتی تایبەتی دادەنن، واتە مافی مرۆڤ بۆ ژنان و هەموو مرۆڤێكە.
25 ی نۆڤەمبەر تاوەكو 10ی دیسەمبەر لەم ماوەیەدا كە 16 رۆژە، چەندین رۆژی گرنگی تێدایە وەك رۆژی جیهانی شەڕ لەگەڵ نەخۆشی ئایدز و 25 ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاری توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانەوە و زۆر چالاكی بەرچاو لەم بوارەدا دەكرێت. بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەمریكا بكەین، دەبینین لە بواری سیستمی یاسایی و حقووقی، ژنی ئەمریكی مافەكانی پارێزراون، جنێودان و لێدان و زەخت و زۆر و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە هەر بیانوویەك بە تاوان دەژمێردرێت و ژن دەتوانێت پارێزەر بگرێت و داوای سزادانی مێردەكەی بكات. كەس بۆی نییە هاوسەری ژیان بۆ كچ یان كوڕ، یان خوشك و برای خۆی دەستنیشان بكات، فرەژنی وەك دیاردەیەكی ناساغ ناسراوە و لە ئەمریكا بنبڕ كراوە. كەس ناتوانێت ئەم یاسایە بشكێنێ. میرات وەك یەك لە نێوان كوڕ و كچ دابەش دەكرێت، مافی راگرتنی منداڵ لە ئەگەری جیابوونەوەی هاوسەریدا بە دایك دراوە. بەڵام ژنی كورد و ژنی ئەمریكی بە هۆی دوو مەسەلەوە، كێشەی هاوبەشیان هەیە، یەكەم بە هۆی ژن بوون، دووهەم بەهۆی (كونسرواتیڤ)بوون لە هەر دوو كۆمەڵگە، بەڵام ئاستی كێشە هاوبەشەكان زۆر جیاوازن، شەڕی ژنان لە ئەمریكا لە سەر مافە سەرتاییەكانیان نییە، لە سەر مافی بەرامبەرە لە حەقدەست و كرێی كار و دەستمایە و لابردنی جیاوازی لە كاری پیاو و كاری ژنە، نەهێشتنی زەعیف و بەهێزە. لە یاساكان و لە دەستووری فیدرالی ئەمریكا مافی هاووڵاتی بە ژن و پیاویەوە بە یەكسانی جێگیر بووە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە لە ئەمریكا سیستمی جنسی لە نێوان ژن و پیاو بنبڕبووە یان نەماوە. (ئابرهام لینكلن) دەڵێت: (ئەمریكا لەسەر بینای ئازادی دانرا، بەڵام 200 ساڵی پێچوو تا توانی ئەو ئازادییە بەڕێوەبەرێت). كوردیش ئەگەرچی دەتوانێت لە ئەزموون و مێژووی نەتەوەكانی دیكە كەڵك وەربگرێ، بەڵام لە كاتی هەڵسەنگاندن و بەراوردەكانی لە گەڵ میللەتانی دیكەدا، دەبێت بۆ گەیشتن بە پێشكەوتنەكان قەناعەتی بەوە هەبێت كە نیازی بە ممارسە و زەحمەت و و لەخۆبوردن هەیە.
گوڵان: لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تاچەند بەرامبەر بە مافی ئافرەتان كەمتەرخەمی كراوە؟
سورەیا فەلاح: ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش وەكو پارچەكانی دیكەی كوردستان بە هۆی نەریتی پیاوسالاری و سیستمی سیاسی ئابووری بارودۆخێكی باشی نییە. لە بەشەكانی كوردستانی داگیركراودا ژن بوون لە لایەك و كورد بوون لە لایەكی دیكەوە وایكردووە لە هەموو ئازادییەك بێبەش كراون، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژنان مافی دانانی سەنتەر و ناوەندی ژنان و رۆژنامە و گۆڤارێكی تایبەتیان نییە كە دەروونناسی كۆمەڵایەتی و سێكسۆلۆژی و بیروڕای ژنانە دەربخات. هەموو ئەمانەش لە یاساكانی ئەو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر جۆرە چالاكییەك لە ئێران بەگشتی و لە كوردستان بەتایبەتی لە ژێر چاودێری توندایە. لە دوای شۆِڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1978 زیاترین ئەزموونی مومارەسەی ئازادی ژنان تەنها یەكساڵ تەمەنی بوو، ژنانی كورد لە خۆپیشاندانەكان دەركەوتن و تێكەڵی كاروچالاكی سیاسی و حزبایەتی بوون. لە كاری سیاسی و هونەری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و لە زۆر بواردا دەركەوتن و شان بە شانی پیاوان كاری بەرچاویان كرد، تەنانەت لە خەباتی چەكداری، بەڵام بە هاتنی كۆماری ئیسلامی ژن بە گشتی لە ئێران لە مافەكانی بێبەش كرا و تا ئێستاش بەردباران كردنیان بەردەوامە.
گوڵان: وەك چالاكڤانێكی بواری دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان، بۆ باشتركردنی دۆزی ژنی كورد بەگشتی چ پێشنیار و پڕۆژەیەكت هەیە؟
سورەیا فەلاح: بە كورتی دەكرێ ئاماژە بە چەند پڕۆژە و بەرنامەیەك بكەم كە كاری رێكخراوەییمان بۆ كردووە، بەڵام باشترین بەرنامە بۆ باشتركردنی رەوشی مافی ژن و چەسپاندن و جێگیركردنی مافەكانیان، چالاكی بۆ گۆڕانكاری بیروڕای كۆمەڵگەیە بەرامبەر بە ژن. واتە گۆِرانكاری لە یاساكان و بەشداریكردنی پیاو لە پرسی ژن و یارمەتیدانی ژن بۆ گەیشتن بە یەكسانی و هاوبەشی لە كاری كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كۆمەڵگەدایە. یەكێ لەو بەرنامانەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە بتوانین پەیوەندی خۆمان لەگەڵ ناوەند و رێكخراوەكانی كارو چالاكی ژنان لە ئاستی جیهاندا فراوان بكەین، لە ڕێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنە سەر بە رێكخراوەكانی دنیا بەشدار بین و ئەزموونەكانمان بۆ ناو دڵی كۆمەڵگەی كوردی ببەینەوە و جاڕی بدەین و كاری بۆ بكەین، تا ئاستی وشیاری و رۆشنبیری و زانیاری ژنی كورد بەرزتر بێتەوە. هەروەها زیادكردنی سمینار و كۆنفرانسەكان و ئەكیتڤكردنی كاری هونەری و سیاسی و كۆمەڵایەتی چالاكی راگەیاندنی ژنان بۆ ناساندنی پرسی ژن و پێكهێنانی دەرفەتەكان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان، ماندوونەناسی و كاری بەردەوامی پێویستە. لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستانیش ژنانێك هەن كە جیگە پەنجەیان دیارە و جێی خۆیەتی وێرای رێزلێگرتن، داوای كاری زیاتریان لێبكەین. بەگشتی باشتركردنی وەزعی ژنی كورد، بەدەست خۆیەتی. واتە ئازادی و یەكسانی لە بواری كۆمەڵایەتی و سیاسی و...هتد، ئەوانە شتێك نین كە وەك خەڵاتی دەستی پیاو سەیر بكرێن، ئەوە هەوڵ و تێكۆشانی خودی ژنانی پێویستە.
8 years ago
No comments:
Post a Comment