Source:
چنار سەعد عەبدوڵڵا و سوره ییا فه لاح
http://gulan-media.com/sorani/details.php?section=4&id=27434
بەشداری ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەتدا
|
|
بهرواری دابهزاندن:
15/01/2015 : 14:24:21
|
ژمارەی بینین: 159
|
راپۆرتی
هاوبەشی د.چنار سەعد عەبدوڵڵا و فایلی كۆمەڵایەتی گوڵان
پڕۆژەی راپۆرتی هاوبەشی سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس، هەروەها ئەكادیمیست و رۆژنامەنووس لە رۆژنامەگەری كوردی لە دوای ساڵی 1997 بۆ یەكەمجار لە رۆژنامەی برایەتی تاقیمان كردەوە و لەو پڕۆژەیەدا كۆمەڵێك سیاسەتمەدار و ئەكادیمیست بەشدارییان كرد و كۆمەڵێك راپۆرتی زۆر نایابی لێ بەرهەم هات كە بەشی زۆریان وەك سەرچاوە لە دیراساتی ئەكادیمی و ئامادەكردنی راپۆرتی دەزگا حكوومییەكان سوودی لێوەرگیراوە، ئەو بەڕێزانەی لەو كارە هاوبەشییان كردین، بەشێكیان بریتی بوون لە (شەهید مەهدی خۆشناو، شەهید سەعد عەبدوڵڵا، خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر سەعدی بەرزنجی، د.شێرزاد نەجاڕ، د.مەهدی جابر، پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، د.نەژدەت ئاكرەیی، پڕۆفیسۆر ئازاد نەقشبەندی و...هتد)، ئەم هاوكارە رۆژنامەنووسانەشمان لەم پڕۆژەیە بەشداربوون: (كەریم قادر، نورەدین سەعید وەیسی، چیمەن ساڵح، دڵشاد وەسانی، فاروق كەریم)، ئەمجارەیان ئەوكارە هاوبەشەی (برایەتی)مان گواستۆتەوە بۆ (گوڵان) و هەوڵدەدەین فایلی كۆمەڵایەتی كە بریتین لە: (رۆشنا عومەر، تارا محەمەد، سالار بابەشێخ) كۆمەڵێك راپۆرتی دیكە ئەنجام بدەین، ئەمەش یەكەم راپۆرتە كە بە هاوبەشی لەگەڵ خاتوونی سیاسەتمەدار د.چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەمان كردووە. «ئافرەت شەفافییەت و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی زیاتر و هەڵوێستی دادپەروەری بە سیاسەت دەبەخشێت». ئەمە دەرئەنجامی راپرسیەكی ئاژانسی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكانە كە زیاتر لە 200 بەرپرسی گشتی و سەرۆكی رێكخراوی ناحكوومی بەشدارییان تێدا كردووە. لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم خەبات و هەوڵی رۆشنبیر و چالاكوانەكانی بواری فێمێنستی و مافەكانی مرۆڤ لەسەر پرسی یەكسانیی رەگەزی و بەدەستهێنانی مافی ئافرەتان، رەنگە زیاتر بەو ئاڕاستەیە بووبێ كە ئافرەتانیش وەك بەشێك لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی مرۆیی، مافی خۆیانە كە رێز لە ویست و ئازادی و چالاكییەكانیان بگیردرێت. بەو مانایەی كە جیهانبینییەكە زیاتر لە چواردەوری ئەوەدا دەخولایەوە كە ئافرەت چۆن ئازادی و مافەكانی بەدەست بهێنێ، نەك چۆن كۆمەڵگەیەكی ئازاد و دادپەروەر لە رێگەی دەستەبەربوونی مافەكانی ئافرەتان بێتە كایە. ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو لە هەمبەر كاری ئافرەت لە بواری سیاسی و ئیداری و رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەرخستنی تواناكانی ئەم رەگەزە، ئەوە دەردەخەن كە بەشداریی راستەقینە و چالاكانەی ئافرەتان لە گشت بوارەكانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هۆكاری بەمەدەنیكردن و چەسپاندنی دادپەروەری زیاتر و دابەزینی ئاستی گەندەڵی و بەرزكردنەوەی داهات و كەمكردنەوەی رۆحی توندڕەوییە. ئەگەر بمانەوێ پتر باسی بەهرە و تواناكانی ئافرەتان بكەین، دەكرێ راپۆرتەكانی بانكی نێودەوڵەتی بە نموونە وەربگرین، كە تێیدا هاتووە: «ئافرەتان كەمتر حەزیان لە تێكەڵبوون بە بەرتیلخواردن و گەندەڵی هەیە، بۆیە ئەو وڵاتەی كە رێژەی ئافرەتی لە درووستكردنی بڕیار زیاتر بێت، ئاستی گەندەڵییان نزمترە». هەر سەبارەت بە سوودەكانی بەشداریكردنی ئەكتیڤی ئافرەت لە ناوەندی بڕیاری سیاسیدا (ئیزابیل كۆڵمان) كە توێژەرێكی باڵای سیاسەتی دەرەوە و پسپۆڕە لە بواری یەكسانیی رەگەزی لە ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، بۆچوونی وایە كە رێگەدان بە ئافرت بۆ بەشداریكردن لە ژیانی سیاسی، سوود بە پرۆسەی دیموكراسی دەگەیەنێت. جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە توێژینەوە تازەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئافرەتانی دەسەڵاتدار بەراورد بە پیاوانی سیاسەتمەدار، بژاردەی جیاواز دێننەكایە و سوودیش بە سەرچاوەی گشتی دەگەیەنن. ئەمانە و چەندین لێكۆڵینەوە و ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو دەرخەری ئەو راستییەن كە ئافرەتان لە هەر كۆمەڵگەیەك، ئەو هێزە كاریگەرەن كە دەتوانن خزمەت بە كۆی بوارەكانی ژیان بگەیەنن، بەڵام كەی و چۆن دەتوانن ئەو كاریگەرییە درووست بكەن؟ كەی ئافرەت دەبێتە كاراكتەرێكی وەبەرهەمهێن لە كۆی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی بە تایبەتی سیاسیدا؟ ئەمە لە دوو حاڵەتی سەرەكیدا روودەدات، یەكەمیان: كاتێك ناوەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئاسانكاری دەكات بۆ دەركەوتنی ئەو رەگەزە و سەرمایەگوزاری لەسەر تایبەتمەندیی فكری و تواناكانی دەكات. دووەمیان: ئەو كاتەی ئافرەت خۆی لە رێگەی خەزێنەیەكی مەعریفی دەوڵەمەند و دەیالۆگێكی مەنتیقی و نەرم بتوانێت سەرنجی كۆمەڵگە بۆ ئەو بابەتانە رابكێشێ كە دەیخاتەڕوو، بەجۆرێك كە كاریگەری درووست بكات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوە، پرسیارێكی دیكە دێتە پێشەوە كە پەیوەندی بە تەوەری سەرەكیی بابەتەكەی ئێمەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا لە كوردستان زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی ئافرەتان بەشداری لە درووستكردنی سیاسەت و بڕیاری سیاسیدا بكەن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە (نەخیر)ـە، ئەگەر هەشبێت زۆر بەرتەسك كراوەتەوە. ئەوەش چەند هۆكارێكی سەرەكی هەیە، یەكەم: بەها و نەریتی دیموكراسی و مەدەنییەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا جارێ وەك پێویست نەچەسپاوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دامەزراوەكانمان هەر لە پارتە سیاسییەكانەوە بگرە، تاكو دامەزراوە تەشریعی و ئیداری و تەنانەت رێكخراوەكانیش نەتوانن بە شێوەیەكی دامەزراوەیی كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و گشت ئەندامان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەشداری لە ئیدارەدانی كاروبارەكان بكەن و لە ئەنجامدا پشكداربن لە درووستكردنی سیاسەتی گشتی و تایبەتی وڵات و دامەزراوەكانیان. كەواتە لە كۆمەڵگەیەكی نەریتی و تازە دیموكراسی وەك كوردستان، ئەگەر بواری بەشداریكردن لە درووستكردنی سیاسەت بۆ پیاوان بەرتەسك بێت، بۆ ئافرەتان دەبێ چەند سنووردارتر بێت؟ دووەم: لە كۆمەڵگەیەكی باوكسالاری چەشنی كوردستاندا، متمانە بە تواناكانی ئافرەت لە كاری سیاسی و سەركردایەتیدا لاوازە، بۆیە ئەو راستییە نابێ لەیاد بكرێت كە لەم قۆناغەدا ئەو ئافرەتانەی لە پێگەی بەرپرسیاریەتیدان لە ژێر تاقیكردنەوەی كۆمەڵگەدان، كە بەداخەوە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار هەندێك لەو ئافرەتانە لەو تاقیكردنەوەیە وەك پێویست سەركەوتوو نەبوون، ئەمەش پرۆسەی درووستكردنی متمانەكەی لاوازتر كردووە. لە مەتبەخی سیاسەتدا گومان لە دەستڕەنگینی و توانای ئافرەت دەكرێت، كەچی زۆر كەمن ژمارەی ئەو كەسانەی كە گومانیان لە كابانی ئافرەت لە چێشتخانەی ماڵەكەیدا هەبێت، لەبەر ئەوەی دەبینین دەستڕەنگینی و زنگینیی هزری ئافرەتەكە وادەكات خۆشترین خواردن و شیرنەمەنی و خواردنەوەكان درووست بكات، بێگومان ئەگەر لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسیشدا كاری درووستكردنی پێ بسپێردرێ، دەتوانێت لە درووستكردنی سیاسەتیشدا رۆڵیكی كارامە ببینێت و كاكڵ و توێكڵی سیاسەتەكەش جوانتر بكات. مەبەست لەو شوبهاندنە ئەوەیە لە هەموو توانا و بەهرەكانی خانمان كەڵك وەربگرین و بە بەشداركردنیان لە درووستكردنی سیاسەت، سیاسەتێكی حەكیمانە و درووست و حوكمڕانییەكی كارامەترمان هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئافرەت هەڵگری چەندین تایبەتمەندیی ئەرێنی و خودییە، وەك دڵسۆزی و فیداكاریی دایكانەی، دەستپاكی و ترسی لە ناوزڕاندن، روانگەی دوورمەودای بۆ داهاتووی خێزان، هەڵسووڕاندنی ئابووری و كاروباری ناوماڵ، وردبینی و پێشگیری لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكەی پێش چارەسەری، ئەوانەو چەندین خووی دیكەی خانمانە وادەكەن ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەت و تەنانەت لە بەشداربوونی لە بەڕێوەبەریدا كاریزماتر بێت. بۆ نموونە ئەگەر وەزیری تەندرووستی ئافرەت بێت، رەنگە زیاتر لە (چارەسەر و هاوردەكردنی دەرمان)، بیر لە رێگری و (رێكارگەلی پێشگرتن لە نەخۆشییەكان) بكاتەوە، یان ئەگەر وەزارەتی پەروەردەی پێ بسپێردرێ، لەوانەیە گرینگی زیاتر بە دایەنگە و باخچەكان بدات، چونكە خۆی ئافرەتە و دایكە و دەزانێت منداڵ لەو قۆناغەی تەمەنیدا چی پێویستە. یان ئەگەر سەرۆكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئافرەت بێت، ئەوا لەوانەیە سیاسەتێكی ئاشتیخوازانە و نەرمتر باڵ بەسەر جیهاندا بكێشێت. كەواتە سەبارەت بەو پرسیارەی كە چۆن دەتواندرێ لە كوردستان بەشداریی ئافرەت لە پرۆسەی درووستكردنی سیاسەتدا ئەكتیڤ بكرێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە چۆن ئەمڕۆكە زۆربەی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو هەوڵدەدەن بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كاری سیاسیی وڵاتانی پێشكەوتوو لە مەسەلەی مومارەسەكردنی دیموكراسیەتدا كەم كەمە ئەو فەرهەنگە لە كۆمەڵگەكەیان گەشە پێ بدەن، هەروەها چۆن بۆ دامەزراندنی بنیادی ئابوورییەكی تەندرووست و بەهێز پەنا بۆ نموونە ئەزموونكراوەكانی وڵاتان دەبەن، هەروەها چۆن بۆ داڕشتنی سیستمی تەندرووستیی پێشكەوتوو سوود لە تەكنیك و ئەزموونەكان وەردەگرن، بەهەمان شێوە پێویستە لە مامەڵەكردن لەگەڵ سوودوەرگرتنی تواناكانی ئافرەت و بەشداریپێكردن و سەرمایەگوزاریكردن لەسەری بۆ سوودی گشتی، پشت بە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتووی مەدەنی ببەسترێ و زیاتر لەوە كات بەفیڕۆ نەدرێت و ئەو سەرمایە نووستووە ببووژێندرێتەوە. لە بەرامبەریشدا ئافرەتان پێویستە نموونەیەكی پێشكەوتوو و جیاوازتر لە نموونەكانی پێشووتری خۆیان و پیاوان لە سیاسەتكردن پێشكەشی كۆمەڵگە بكەن. د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، راشكاوانە دەڵێت: «ئێمە وەك یەكێتی ئافرەتان و ئەو ئافرەتانەی كە لەناو پارتیدا لە پلە باڵاكاندان كەمتەرخەم بووین لەوەی ئافرەتی سەركردە و كچی بەتوانا لەبواری سیاسیدا پەروەردە بكەین». هاوكات هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ئافرەتان بە بڕیارە نەرمەكانیان زیاتر دەتوانن ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی دەستەبەر بكەن و بەشداری ئافرەتیش لە بڕیاری سیاسی راهێنانی پیاوانە لەوەی كە بزانن ئافرەت هاوبەشی تەواویانن»، گوتیشی: «ئەگەر لە پەرلەمان رێژەی ئافرەتان زۆربن، ئەوكات پیاوان دەزانن كە ئافرەتانیش وەك ئەوان هاوبەشی بڕیار و پڕۆژەیاساكانن، ئەو بیرۆكەیەش لەلای پیاو دەسڕێتەوە كە دەبێت تەنیا پیاو سەركردایەتی بكات». لە لایەكی دیكەوە هاوكێشەكانی سیاسەت لە ناوچەكە ئەوەی سەلماندووە كە هەرێمی كوردستان بەرەو دەمەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاوی خێرا هەڵدەگرێ و دەوڵەتداریش لە ئاستی جیهانیدا بەبێ بەشداری ئافرەت رووخسارێكی جوانی نییە و لە ژێر پرسیاردا دەبێت، بۆیە بە پێویست دەزانرێ، ئافرەتان زیاتر لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی دەربكەون، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی كابینەكانی شەش و حەوت، تاقانە وەزیرێكی ئافرەت تێیدا بەشدارە، ئەوەش هەم پەرلەمان وەكوو پەسەندكاری كابینەكە، هەم حكومەت و هەم حزبەكانیشی رووبەڕووی رەخنەی چالاكانی مەدەنی كردووەتەوە. ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی لە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ نزیك بووەتەوە، هاوكات لە قۆناغی گواستنەوە (ئینتقال)ی كۆمەڵگەیەكی نەریتی بەرەو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مۆدێڕندایە و ئەوەش بە بێ بەشداری كارای خانمان مسۆگەر نابێت. جەختیش لەوە دەكەنەوە كە هەتا لە كوردستاندا ئافرەت وەك كارەكتەرێكی سیاسی و خاوەن تێز و پراكتیكی سیاسی سەیر نەكرێت، ئافرەتی سیاسەتمەدار بە دەگمەن درووست دەبێت. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە حزبە كوردییەكان نەك دەرفەتی یەكسانیان بۆ ئافرەتان نەڕەخساندووە كە هاوشانی پیاوان بەشداری سیاسەت بكەن، بگرە رێگری و كۆسپیشیان بۆ درووست كردوون. نموونەش بەوە دەهێننەوە كە پەرلەمانتارە ئافرەتەكان دەنگیان بە حكومەتی خاوەن تاقانە وەزیرێكی ئافرەت دا و توانای ئەوەیان نەبوو بۆ زیادكردنی ژمارەی وەزیری ئافرەت لە كابینەی نوێی حكومەتدا پێداگیری بكەن، ئایا ئەوە دەرخەری ئەو راستییە نییە كە دەگوترێ خودی ئافرەتانیش لە مسۆگەركردنی مافەكانی خۆیاندا كەمتەرخەمییان كردووە؟ یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونی رێژەی ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەتدا بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە دیاردەی دەستەگەرایی ناو پارتەكان وادەكات پیاوەكان لەو گەمەیە باشتر بچنە پێشەوە و سەركەوتووتر بن و زیاتر چانسیان هەبێت كە پشتگیری بكرێن، بەڵام ئافرەتان ئەو فرت و فێڵانە نازانن كە پیاوەكان دەیزانن. لە لایەكی دیكەوە نە حزبە سیاسییەكان و نە دەسەڵاتیش بە كردەوە ئافرەتیان نەهێناوەتە ناو پرۆسەی درووستكردنی سیاسەت و كەمتر متمانەیان بە توانا و لێهاتوویی ئافرەت هەبووە، خودی ئافرەتانیش متمانەیان بە توانای هاوڕەگەزی خۆیان نییە و لەسەر پرسەكانی خۆیان كۆك نین. رێبوار یەڵدا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە رێكارەكانی تێكەڵبوونی ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەتدا چین و بە تاچەند بەشێوەیەكی كرداری هەست بە بەشداریكردنی ئافرەتان لە درووستكردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەكرێ؟ بەمجۆرە را و سەرنجی خۆی خستەڕوو: «ئەم پرسە باسی زۆر هەڵدەگرێت و پرسێكی قووڵ و فرەڕەهەندە و دەكرێت كاری زۆری لەسەر بكرێت، مەساحەیەكی زۆریشی لەپێشە بۆ قسەكردن و كاركردن لەسەری، لەبەر ئەوەی سیاسەت هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە، بەشداریكردنی ئافرەتیش لە سیاسەتدا بۆ كەلتوور و فەرهەنگی كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو پرسیارە دێتەئاراوە كە ئایا كەلتوور و فەرهەنگی كۆمەڵگەی ئێمە تا چەند زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی ئافرەت بۆ ئەو بوارە رابكێشێت، ئەویش نەك بە شێوەیەكی فیزیكی، بەڵكو بە شێوەیەكی كرداری كە بەشدارییەكی كاریگەریشی لە سونعەی قەرار (درووستكردنی بڕیار) هەبێت؟ ئەوەش پێویستی بەوە هەیە كە پیاو زەمینەی بۆ خۆش بكات و لە هەمان كاتدا پشتگیری بكات. لە هەرێمی كوردستان گۆڕانێك بەدی دەكرێ لە هاتنەپێشەوەی ئافرەتان و بەشداریكردنیان لە سیاسەت، گۆڕانی شكڵی و جەوهەریی پرسەكەش باسی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لانیكەم ئەگەر سەرنجی موئەسەساتە رەسمییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت بدەین، تەنانەت لە حزب و ئۆرگانە سیاسییەكانیش بەراورد بە رابردوو بەشداری ئافرەت لە رووی چەندایەتی و تەنانەت چۆنیەتیشەوە زیاتر بووە، ئەگەر خولەكانی پەرلەمان بە نموونە وەربگرین، ئەو گۆڕانكارییە دەبینین كە ژمارەی ئافرەتانی پەرلەمانتار لە هەڵكشاندا بووە، لەوانەیە بەشێكی پەیوەست بووبێت بە یاسای (كۆتا) و ئەو چەندایەتییەی پتر كردبێت، بەڵام لە رووی چۆنیەتیشەوە پەرلەمانتاری ئافرەت زۆرن كە توانای قسەكردن و هەڵوێستگرتن و پێشكەشكردنی پڕۆژەیان هەیە و تەنانەت سەرۆكایەتی لیژنەكانیش دەكەن، لە حكومەتیش ئەگەرچی لەم كابینەیە تەنیا یەك ئافرەتی وەزیرمان هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانای تەراجوع (بۆ پاش گەڕانەوە) نییە و زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەكان بە ئافرەتان سپێردراوە. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارانە درووست دەبێت كە: ئایا ئەو زیادبوونەی ژمارەی ئافرەتان لە پەرلەمان و حكومەت و ئۆرگانە سیاسییەكاندا تا چەند لە درووستكردنی بڕیاردا رۆڵی هەبووە؟ ئایا پیاوانی هاوكاریان پشتیوانی و كارئاسانییان بۆ كردوون؟ خودی ئافرەتان تاچەند توانیویانە كەموكوڕییەكان دەستنیشان بكەن و بیخەنە مەحفەلێك و كۆدەنگییەكی بۆ درووست بكەن، لەو بوارانەدا گلەیی هەیە، لە بەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارە و پیاو هەوڵی قورغكردنی هەموو پۆستەكان و ئیمتیازەكان دەدات، خودی ئافرەتیش شەرمن بووە و پێیوایە دەرەقەتی ئەو هەوڵانەی پیاو نایەت، نەریت و فەرهەنگی كۆمەڵگەش بەربەستی دیكەی بۆ درووست دەكات، لەوەی كە نەتوانێت بۆ نموونە لە خولەكانی دەرەوەی وڵات بەشداری بكات، یان تا درەنگانی شەو ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ سەرقاڵی راییكردنی كاری ئیداری و حزبی و سیاسی بێت. هەر پیاوێك مەسئوولە لەوەی زەمینە خۆش بكات بۆ هەڵكشانی ئافرەت، هەروەها دەبێت پیاو ئەو پاوانخوازییە واز لێبێنێت كە ئافرەت بە ژمارە دوو سەیر بكات ئەگەر لە خۆیشی زیرەكتر بێت، ئامادە نەبێت دەنگی پێبدات، دەبێت لە بەشداریی شكڵی و دیكۆری ئافرەت خۆمان دەرباز بكەین، دەبێت پێوەر كەسی بەتوانا بێت، ئیدی ئەو كەسە ئافرەت بێت یان پیاو جیاوازی نەبێت. كاتێك نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵێك تەرخان دەكات بۆ كچان ئەوە پەیامێكە بۆ كۆمەڵگەی ئێمەش و داوا دەكات عەقڵییەت و تێڕوانینی ئینسانیمان بەرامبەر بە ئافرەت بگۆڕین. دەزگا رەسمییەكان جانبێكی تەشریعییە و دەكرێت هەموو ئەو یاسایانەی كە لە بەردەم بەشداریی ئافرەتدا رێگرن، لە بەرژەوەندیی ئافرەت و بەشداریپێكردنی زیاتری هەموار بكرێن، یان لا بدرێن، چونكە تا ئێستاش یاسامان هەیە كە ئافرەت بە پلە دوو دادەنێت لە بەرامبەر پیاو، هەروەها حكومەت وەك دەسەڵاتی تەنفیزی لە سیاسەتی وەزارەتەكانیدا دەتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە لە توانای ئافرەت زیاتر سوود وەربگرێ، واتە پلانی وای هەبێت كە وەزارەتەكان نەك رێگری نەكەن، بگرە ئافرەتی زیاتر رابكێشنە ناو وەزارەتەكان بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری ئافرەت بكەونە ناو كاركردنی فیعلییەوە و لەوێشەوە بەرەبەرە ئیرتیقا بكات، هەروەها پەروەردە لە گرنگترین وەزارەتەكانە و پێویستە وەك مەنهەج منداڵ لە باخچەی منداڵانەوە تا قۆناغەكانی سەرەوە بە یەكسانی رەگەزی ئاشنا بكات، میدیاش بەگشتی كێڵگەیەكە خەڵكێك كاری تێدا دەكات و رووبەرێكی بەرفراوانی هەیە بۆ تەرویج و رەبتێكی دیالیكتیكیشی هەیە لەگەڵ خەڵك و دەسەڵاتەكان و دەتوانن كار لە سەر ئەوە بكەن، پڕۆژەیەك گەڵاڵە بكرێ و بخرێتە بەردەم پەرلەمان كە بە پێی یاسا پشتیوانی هاتنە پێشی ئافرەتان بكرێت. لە لای خۆیەوە سورەیا فەلاح
چالاكی بواری ئافرەتان و مافی مرۆڤ سەبارەت بە
بەشداریكردنی ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەتدا دەڵێت: «مرۆڤی پێشكەوتوو بەو
قەناعەتە گەیشتووە كە ئافرەت ئەشێ بەشداری لە سیاسەتدا بكات، تا پرۆسە و رەهەندی
كۆمەڵگە پێشكەوتن بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن و بە چ جور و تا چ
رادەیەك ئەقڵانییەتی ژن دەتوانێ لە سەر پێشكەوتنی خۆی و نەتەوەیەك و تەنانەت
دەسەڵاتیش كاریگەر بێت. هەر بۆیە یەكێك لەو فاكتەرانە كە ئەو گۆڕانكارییەی
پێكهێناوە، بەشداری لە هێز و هەژموونی سیاسییە، واتە بەشداری ژن لە سیستمە
سیاسییەكاندایە، لە وڵاتە پیشەیی و پێشكەوتووەكان و ئەو وڵاتانەی وا خەریكن
پێشدەكەون، ئەم چەمكە لەگەڵ پێشكەوتووییدا گرێی دراوە. بۆ ئەوەی گرنگبوونی بەشداریی
عەقڵانی ئافرەت لە كایە سیاسییەكان بەرجەستە بكەین، پێویستە لە رووی تیۆرەوە
بەشداری سیاسیی ژن و ئەو پرۆسەیە شیكاری وردتری بۆ بكەین و ئەزموونەكانی وڵاتانی
پێشكەوتووش بە هەند وەربگرین. چونكە بەشداری ئافرەت لە بواری سیاسیدا پرۆسە و
فەرایەندێكە كە پێویستە تاك بە تاكی كۆمەڵگە بەبێ جیاوازی رەگەزی وەك راستییەكی
جێگیركراو، یان وەك واقعێك لێی بڕوانن، بە بەشداری هاكەزایی ئافرەت ناتوانین
مومارسەی ئازادی و بەشداربوونی سیاسی بكەین. چونكە عەقڵییەتی ئافرەت دەدرێت بە
دەست ئەو كەسانەی كەوا دەیانەوێت لە ئافرەت وەك ئامێری دەستی حكومەت، حزب، یان
گرووپێك بەكاربێنن، كە لە بەرژەوەندی یەكسانی رەگەزی و ئازادی گشتیدا كار
ناكەن».
سورەیا فەلاح لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەشداری ئافرەت لە سیاسەتدا ئەگەر بە ژمارەش كەمبێت، دەتوانێت لە داهاتووی وڵاتێكدا وەك مومارسەی دیموكراسی رۆڵی هەبێت و بە هەر شێوەیەك بەشداری ئافرەت لە سیاسەتدا رێگەخۆشكەری خولقاندنی سیستەمێكی باشترە. بەڵام هێشتا كەلتووری زۆربەی وڵاتانی دنیا دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ پیاوان زەوت كردووە، ئەوەش نۆرمی كەلتووری نێرسالارییە كە رێگری لە ئیرادەی ئافرەت و بەشداربوونی لە جومگەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا دەكات». سورەیا فەلاح رایوایە ئافرەتانی كورد لە بەشداریی سیاسی بێبەش نەكراون، بۆ سەلماندنی قسەكەشی هێما بۆ ژمارەی ئافرەتانی بەشدار و ئەندامی حزبە سیاسییەكان دەكات و ئەوەش دەخاتەڕوو كە وەكو تاكیش زۆر ئافرەتی كورد لە سیاسەت چالاك بوون. گوتیشی: «زۆر جار كچی كورد ئەگەر لە سیستەمی نەریتی رایكردبێت، ئەوا بەرەو سیاسەت چووە. من پێموایە كاتێك ژنێك توانی لە هەرێمێكی ژێردەست و لەژێر یاسای نەیار و رەگەزپەرەستەكان چالاكی بەردەوامی هەبێت، ئیتر بە زوڵم و زۆر و توندوتیژی قایل نابێت و بەرامبەری رادەوەستێ. ئەگەر لە هەر چواربەشی كوردستان بڕوانین، بۆمان دەردەكەوێ كە لە هەموو كاتێكدا ژنان رۆڵیان لە بەشداریی سیاسی لە چالاكیی حزبەكان و بزاڤە كۆمەڵایەتییەكانیشدا هەبووە. لە باشووری كوردستانیش ژنان قۆناغی زۆریان بڕیوە، هەرچەندە ژنانی باشووری كوردستان لە ئێستادا لە وەزعی بەشداریی خۆیان لە دەسەڵاتدا رازی نین، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە رۆژئاواییەكانیش رێژەی بەرچاویان لە پەرلەمان هەیە و لە پلەی وەزاریشدا كار دەكەن. بەڕای من ئەم بارودۆخە لەم پارچەی كوردستاندا بە خێراییەكی دیاریكراو چووەتە پێشەوە، هەوراز و سەروخوارێكی زۆریشی دەبێت. بەڵام رێگەیەكی دیموكراتی و خەڵكییە و پلورالیسمێكی زۆری تێدایە و تیاشیدا دەبێت، ئەگەر خوپەرستی و تاكایەتی و بەرژەوەندی تەسكی كەسی و حزبی بەكار نەهێندرێت، بەگشتی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتووەو خەریكی پەیداكردنی ئایندەی خۆیەتی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هەتا بەشداریی ئافرەت لە بواری ئابووریدا لاواز بێت، لە بەشداری سیاسیشدا پێگەیەكی ئەتۆیان نابێت. هەروەها دوو شكڵی بەشداری سیاسی هەیە، بریاڕدان و بریاڕوەرگرتن، هەردووكی بەشداری سیاسین، بەڵام ئەگەر ئافرەتان لە ئەقڵییەتی خۆیان كەڵك وەرنەگرن، لە هەر دوو شێوازەكە دەبنە ئامێرێك بە دەستی پیاوەكانەوە، كە تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیان كەڵكیان لێ وەردەگرن، نەك بە مەبەستی سەرخستنی سیستەمێك كە هەر دوو رەگەز بە یەكسانی سەیر بكات. لە لایەكی دیكەوە ئەوە پرسیارە درووست دەبێت كە لە وڵاتێكدا كە دەسەڵات ئافرەتان ناچار بكات وزەی خۆیان بە شەڕكردن لەگەڵ هەموو جۆرەكانی زوڵم و ستەمكاری دابنێن، چۆن دەتوانن بۆ كاری سیاسی خۆیان بەهێز بكەن؟». پەرلەمانتار د.ئەشواق جاف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ئافرەت و بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسی بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «ئەگەر سەیری پەرلەمانی عێراق بكەین، دەبینین پەرلەمانتارانی ئافرەت وەك لەولەبی لیژنەكانن و تەنانەت پەرلەمانتارە پیاوەكانیش ئیعتیرافیان بەم توانایەی ئەوان كردووە، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە وەكو عێراق و وەكو هەرێمی كوردستانیش بەحوكمی ئەوەی كە بیرۆكەی سیاسی لای پیاوەكان نەگیشتۆتە ئاستی دیموكراسی راستەقینە، بەڵكو ئەو دیموكراسییە تەنیا دروشمە و لە راگەیاندنەكان باسی لێوەدەكرێت، هەر لەبەر ئەوە لە پرۆسەی سیاسیدا لە كاتی بڕیارداندا رێگەی بەشداریكردنی ئافرەت نادەن، بچووكترین بەڵگەش كەمی ژمارەی وەزیرەكانە كە كابینە لە دوای كابینە لە دابەزین و كەمكردنە، لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم هەریەكەو تاقانە وەزیرێكی ئافرەتمان هەیە، تەنانەت لە عێراق وەزارەتێكی كارا و گرنگ نادەن بە ئافرەت كە بڕیاری راستەقینە درووست بكات، بەڵكو وەزارەتی دەوڵەت دراوە بە ئافرەت، كە ناكاراترین وەزارەتە، ئەوەش بەڵگەیەكی دیكەیە لەسەر ئەوەی كە سیاسەتمەدارە پیاوەكان تەنیا بە دروشم ئیعتیراف بە بوونی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیدا دەكەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئەو دانپێدانانە بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی 25%ی كۆتا بووە ئەمری واقع بەسەر پیاواندا و ئافرەت لە پەرلەمان توانی تێكەڵی سیاسەت بێت و لە داڕشتنەوەی یاسا بەشداری هەبێت، خۆشبەختانە جەماوەر باوەڕی بە رۆلی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە و دەنگیش بە ئافرەت دەدەن و دەیگەیەننە پەرلەمان، نموونەی هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییە كە كۆمەڵێك ئافرەت بە دەنگی خۆیان چوونە پەرلەمان، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا سەركردە سیاسییەكان ئیعتیراف بە پێویستبوونی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیدا ناكەن، هەرچەندە لەم رووەوە هەرێم لە عێراق باشترە، بەڵام بەگشتی سەركردە سیاسییەكان خوێندنەوەیەكی پێشوەختەیان هەیە لەسەر ئەوەی كە ئافرەت توانای بڕیاردانی نییە، لەكاتێكدا ئەوان هیچ كاتێك ئەو دەرفەتەیان بە ئافرەت نەداوە بەشداری بڕیاری بكات، تاوەكوە رادەی توانای ئافرەت بزانن». |
Wednesday, March 11, 2015
بەشداری ئافرەت لە درووستكردنی سیاسەتدا-وت و ویژیک له گه ل گولان :چنار سەعد عەبدوڵڵا
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment