میدیا – تارا محهممەد:
سورەیا فەلاح چالاكی ناسراوی بواری مافەكانی مرۆڤـ، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیا تیشكدەخاتە سەر مێژووی بەشداری سیاسی ئافرەتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و جەخت لەوە دەكاتەوە كە وڵاتانی داگیركەری كوردستان هەتا كورد بە پلە دوو حیساب بكەن، رووی ئاسایش نابینن.
سورەیا فەلاح چالاكی دوورەوڵات و ناسراوی بواری مافەكانی مرۆڤـ، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیا هێما بۆ ئەوە دەكات كە ژنانی كورد پتر لەپیاوان بەر شاڵاوی توندوتیژی ناوخۆیی و دەسەڵاتدارانی داگیركەری وڵاتەكەیان كەوتوون، لەڕۆژهەڵاتی كوردستانیش شكاندنی سنووری كەلتووری و ئایینی تایبەت بە حكومەت و یاسای ئێران بۆ ژن "كارێكی مەرگهێنەر"ـەو بۆ پیاوانی كوردیش بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمە ئاسان نییە، بۆیە "پێویستە بە هەردوو رەگەزەوە بە پلانی ستراتیژی و نەتەوەیی رووبەڕووی هەردوو سیاسەتی پان ئیسلامی و پان ئێرانی ببینەوە"، گوتیشی "دەبێت وڵاتانی بەركەوتەی كورد بزانن هەتا كوردان بە پلە دوو حیساب بكەن رووی ئاسایش نابینن".
ئەو خانمە چالاكوانە جەخت لەوە دەكاتەوە كە "ئەگەرچی دوای دامەزرانی كۆماری ئیسلامی ئێران یاسای باری كەسی سەبارەت بە ژنان پێگەیانی رووخاندووە، بەڵام بزاڤێكی مێژوویی لەنێو ژناندا دروستكردووە، كە لەسەر پیاوانیش كاریگەری بووە، بۆ ئەوەی ژنی كورد بچێتە ناو مەیدانی خەبات و بزووتنەوەی نەتەوایەتی و یەكسانخوازی، گەرچی ئەو بەشداریكردنەش رێگر و كۆسپی زۆری باوكسالاری و كەلتووری و نەریتی نەرێنی لەبەردەم بووە و زۆر جار پیاوانی بەرامبەر بە ژنان گف كردووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گەشەی بەشداری ژنان لە حزبە سیاسییە كوردەكان وەك كۆمەڵە و پژاك و حزبی دیموكرات و حزبەكانی دیكە دەتوانین ببینین. هەر "لە دەرەوەی حزبەكانیش ژنانی زۆر چالاك هەن كە جگە لە پەرەدان بە بزاڤی نەتەوەیی كار بۆ پێناسەكردنی قەیرانی كۆمەڵایەتی نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی دەكەون".
فەلاح لە تەوهرێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژە بە راپەڕینی ساڵی 1979 لە ئێران دەكات و رایوایە لەو سەردەمەدا "سیاسەت و شۆڕشگێڕی زۆرتر سەرنجی ژنانی كوردی راكێشاوە، هۆكاری ئەوەشی بۆ "كارامەیی و هەوڵی فێرگە فەرمییەكانی حزب و رێكخراوە سیاسییەكان" گەڕاندەوە كە سكیولاریسم و یەكسانی نێوان ژن و پیاویان خستبووە دەستووری كاری خۆیان و كۆمیتەی ژنانیان بۆ پێكهێنابوو. بەڵام "بە دامەزرانی كۆماری ئیسلامی ئێران و پێش ئەوەی كوردستان لە ژێر چەكمەی دەسەڵاتی تازەدا سەركوت و رەشەكوژ بكرێ، مافە یاسایی و كۆمەڵایەتییەكان كە لەسیستەمی پاشایەتی دەستەبەر كرابوون، لەدەستچوون و ئەوەش ژنانی راكێشایە سەر شەقامەكان. كچان و منداڵان، گەنجان و لاوان لەگەڵ دایكان دەستیان بە خۆپیشاندان و رێپێوانی گەورە و مێژوویی كرد. گوتیشی "ئەوانەی لە رێپێوانی گەورە و مێژوویی مەریوان بەشدار بوون، دژی ئەو نایەكسانییە هەڵوێستیان گرت و شار بەشار رێپێوان كرا، لە بیرمە كە ریزی یەكەمی رێپێوانی سەقز مەریوان كە دەیان هەزار كەس بەشداری بوون هەمووی ژنان بوون" . فەلاح ئەوەش دەخاتەڕوو كە "بە هاتن و دامەزرانی كۆماری ئیسلامی ژنانێكی زۆر گیران و لەسێدارەدران، كچانی گەنج كە هێشتا بە تەمەنی یاسایی نەگەیشتبوون، بەرشەپۆلی گوللەباران كەوتن، زۆر كەس بۆ تاراوگە ناردران، پاش سەركووتكردنی حزبەكانیش شەپۆلی ئیعدامەكان دەستی پێكردو لە هەردوو رەگەز بە لێشاو دەبرانە بەر پەتی سێدارە".
سورەیا فەلاح لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا ئافرەتی كورد لەسەر بزووتنەوەی كوردی كاریگەری بووە، یاخود بزووتنەوەی نەتەوەیی بزاڤەكانی ژنانی پێكهێناوە؟ دەڵێت "من لەسەر ئەو بڕوایەم كە بزاڤی فيمێنیستی ژنان وەك جووڵانەوەیەكی مەدەنی لێدەرچووە، ژنان بەو قەناعەتە گەیشتوون كە تەنیا ئازادی نەتەوایەتی ماف و ئازادییەكانیان دەستەبەر ناكات، بەڵام ئازدای و یەكسانی رەگەزی رێگەی گەیشتن بە ئازادی و رزگاری نەتەوەیی ئاسان دەكات.
http://www.yndk.com/index.php/component/content/article/6-hawpaywyn/3793-2013-08-31-21-40-51.html
No comments:
Post a Comment