Tuesday, November 07, 2017

وت و ویژی گولان له گه ل چه ن ژنی کورد سه باره ت به بارودوخی کوردستان


Soraya Fallah




خانمانی كوردی تاراوگە خوێندنەوەی خۆیان بۆ دۆخی باشووری كوردستان هەیە
     
به‌رواری دابه‌زاندن: 06/11/2017 : 10:19:09
ژمارەی بینین: 426
زۆربەی شرۆڤەكارانی سیاسی و تەنانەت چالاكانی مەدەنی پێداگرییان لەسەر ئەوە دەكرد كە پێویستە مەترسییەكانی دوای داعش لە عێراق بە وردی تاوتوێ بكرێت، پێشبینی ئەوەشیان دەكرد كە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی وڵاتانی دراوسێ دەستدرێژی بكاتە سەر سنووری كوردستان، بەڵام هەرگیز پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد كە چەند كەسی نابەرپرس و دەستڕۆیشتوو لە سنووری كەركووك و سلێمانی ببنە كەواسووری بەر سوپای میلیشیای داگیركەر و قومار بە هەموو دەستكەوتەكانی كورد بكەن. ئەگەرچی ئەو پیلانە نەگریسە بە گەلەكۆمەكێی وڵاتانی دراوسێ سەری گرت و ناوچە كوردستانییەكانی رزگاركراوی دەرەوەی هەرێمی كوردستان داگیر كرانەوە و هەوڵی هاتنە ناوی پایتەختی هەرێمیشیان دا، بەڵام هیممەتی بوێرانە و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە پاشەكشەی پێ كردن، كوردستانییانیش ورەی خۆیان لە دەست نەداوە و جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەو دۆخە ناهەموارە تێدەپەڕێنن، كوردانی تاراوگەش داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن لە بەرامبەر ئەو گەلەكۆمەكی و دەستدرێژییانەدا بۆ سەر دەستكەوتەكانی كورد بێدەنگ نەبن. هەر لەو بارەیەوە چەند خانمی چالاكی كورد لە دەرەوەی وڵات را و سەنجی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.


لەیلا عەلی یار، چالاكی مەدەنی و خاتوونێكی كوردی دوورەوڵاتە سەبارەت بە دۆخی ئێستای باشووری كوردستان لە سویدەوە دەڵێت: «داگیركردنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییە رزگاركراوەكان كە بە هیچ شێوەیەك پێشبینی نەدەكرا، ژمارەیەكی زۆرمان وەك كوردانی دەرەوەی وڵات دژی كودەتای 16ی ئۆكتوبەر و گەلەكۆمەكێ و هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر كوردستان خۆپیشاندانمان كردو تا دواهەناسەشمان دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە سەروەریی نەتەوەییمان دەپارێزن.» گوتیشی: «ئەگەر پێشمەرگە بەرگری نەكردایە ئێستا حەشدی شەعبی و پاسداری ئێرانی لە ناو هەولێری پایتەختیش دەستدرێژییان دەكردە سەر كورد و ئاڵای كوردستان، بۆیە هەموو پێكاتەكانی كوردستان قەرزاری گیانفیدایی پێشمەرگەین.»

د. سورەیا فەلاح، لێكۆڵەر و چالاكی سیاسی – كۆمەڵایەتییەو لە روخسارە دیارەكانی پرسی مافی مرۆڤ و مافی كەمینە دینی و نەتەوەییەكانە و بڕوانامەی دكتۆرای پەروەردەی لە زانكۆی ویلایەتی كالیفۆرنیا – نورتریج وەرگرتووە. دەڵێ: هێرشی حەشدی شیعەی عێراقی و سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر كوردستان چاوەڕواننەكراو بوو. ئاماژە بەوەش دەكات كە «ئەمریكا چەكی پێشكەوتووی بە عێراق دا، بەڵام سوپای بەزیوی عێراق لە موسڵ كە دووەم گەورە شاری عێراقە، هەمووی بۆ داعش بەجێ هێشت كە هەر بەو چەكانە دوو لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردو هاوكات هێرشی كردە سەر كوردستان، بەڵام پێشمەرگە داعشی بەزاند و هاوكاری سوپای تێكشكاوی عێراقی كرد و ورەی بەو سوپایە و حەشدی شەعبی بەخشییەوە، كەچی لە بری دەستخۆشی پەلاماری كوردستانیان دا، بێدەنگبوونی ئەمریكاش وەك پێكردنی گڵۆپی سەوز سەیركراوە بۆ دەستتێوەردانی زیاتری ئێران لەو دۆخە، كە لە راستیدا بوونە ستوون پێنجی ئێران و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ بەدەستەودانی ناوچە كوردستانییە رزگاركراوەكان كرد، ئەوەش زیاتر لەوەی بە شكستی بزانین، بازرگانییەكی سیاسی و ئابووری بوو كە لە هەموو بنەمایەكی ئەخلاقی و ئینسانی و دیپلۆماتیكی بەدوور بوو.
د. سورەیا لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و گرێدانەوەی بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەرەوە دەڵێت: «هەر كەس وا بیر بكاتەوە كە ریفراندۆم هۆكاری رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر بووە، زۆر بە هەڵەدا چووە. لە بەر ئەوەی تەنیا شەڕی داعش پیلانی داگیركردنەوەی كەركووكی دواخستبوو، ئێران و عێراق هەرگیز قبووڵی ناكەن كە كوردستان گەورەترین زەخیرەی نەوتی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكات. هەروەها ئێران ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە عێراقدا دەكاتە ئامانج، هاوكات نایەوێ كورد رێگەی وشكایی عێراق و سووریا كۆنتڕۆڵ بكات. ئەمریكاش بە هۆی ئەوەی كوردستان گرێبەستی نەوتی (رووسنەفت) لەگەڵ رووسیا مۆر كردووە، تووڕەیی خۆی بە پشتگیرینەكردن لە كوردستان پیشان دەدات. ئەمریكا لە ئێستادا كەوتووەتە نێو پیلان و داوی ئێرانەوە و پێكەوە وەكو دوو لێوی مەقەستێك كورد دەبڕن، بەڵام ئەوە شتێكی كاتییە و ئەمریكا و جیهانی ئازاد لە مەترسییەكانی ئێران بۆ ناسەقامگیركردنی ناوچەكە تێگەیشتوون.» جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «فەرماندەی سوپای قودسی ئێران (قاسم سولەیمانی) جگە لەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئێستای عێراقی كردووەتە سەربازێكی بەرفەرمانی خۆی، بەردەوام لە سنووری سلێمانی تەڕاتێنی دانوستاندن دەكات، ئامانجەكەشی تەنیا داگیركردنەوەی كەركووك نییە، بەڵكوو هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە كوردستان لە ئەولەوییەتی ئامانجەكانیدایە.» گوتیشی: «رێگەی رزگاری لەو بۆسە و داوە هاوبەشانەی ئێران و عێراق، تەنیا یەكگرتوویی و یەكدەنگی و یەكڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بەپێچەوانەوە تەنیا دوژمن بەهێز دەكرێت و مەترسییەكانی لەباربردنی دەستكەوتەكانی كورد زیاتر دەبن. لە ئێستادا هەموو میدیای ئەمریكا بە جۆرێك لە جۆرەكان شەرمەزارمان دەكەن و ئەمریكییەكان پێمان دەڵێن: خۆتان لە ناو خۆتاندا ناكۆكن و خەیانەتكارتان تێدایە، ئێمە چۆن پشتیوانیتان بكەین؟»

هەڵاڵە قازی چالاكی مەدەنی كوردێكی تاراوگەیە و یەكێكە لەو سەدان هەزار كەسەی كە لە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بە توندی ئیدانەی داگیركردنەوەی خاكی رزگاركراوی كوردستانیان كردووە، هەر سەبارەت بەو تاوانە مێژووییەش سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و دامەزرانی حكومەتی شیعە، كۆماریی ئیسلامیی ئێران دوو مەبەستی سەرەكی هەبووە، یەكەم: فراوانكردن و هەناردەكردنی ولایەتی فەقیهی مەزهەبی شیعە. دووەم: بێبایەخكردنی هەستی نەتەوەیی بەتایبەت لە ناوخۆی ئێران. لە پێناوی ئامانجی یەكەم ئەوەتا دەستێوەردانەكانی ئێران لە سووریا، لوبنان، یەمەن، بەحرەین و . هتد بەردەوامە و ئیرادەی سیاسی لە عێراق ئیفلیج كردووە و بە تەواوی دەستی بەسەردا گرتووەو لە هەموو بڕیارێكی سیاسی و تەنانەت سەربازیدا رۆڵی سەرەكی هەیە.» گوتیشی: «هۆی سەرەكیی كارەساتی 16ی ئوكتۆبەری ئەمساڵ(٢٠١٧) كە داگیركردنەوەی بەشێكی زۆری خاكی كوردستانی لێكەوتەوە، لە لایەك رق و قینی شەخسی و لە لایەكی دیكەوە ئێران بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە سلێمانی تا شنگال و سووریا لە هەوڵدایە، پێویستی بە رێگایەكی ئەمنی زەمینی و كۆنتڕۆڵكراو هەیە، كە پێیوایە لەو رێگایەوە و بە لێدان لە ئیسرائیل دەتوانێت ئیمپراتۆریی مەزهەبگەرای خۆی بسەپێنێت، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشی دوای جێگیركردنی هێزەكانی لە سووریا و دروستكردنی دەیان میلیشیا لە عێراق، هاوكات ئێران ویستی شكۆی پێشمەرگە و سنبولەكانی كورد بشكێنێ و ئاكامی ریفراندۆم و ئاواتی سەدان ساڵەی كورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە بار ببات، بەڵام پێشمەرگە بە ئیرادەی پۆڵایینەوە رووبەڕووی دەبێتەوە.»


هەڵاڵە قازی لە كۆتایی رادەربڕینەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پارتی دیموكراتی كورستان و شەخسی بەڕێز مسعود بارزانی لە ئێستادا ئاڵاهەڵگری پرسی كورد و سەربەخۆیی كورستانن، ئێرانیش ئەوە بە كۆسپێكی گەورە لەبەردەم خۆیدا دەبینێت كە لەگەڵ بزاڤە مەزهەبگەراكەیدا ناتەبایی هەیه، بۆیە بە تەواوی هەوڵ دەدات، ئەگەر خۆیشی پێی نەكرێ، بە شەڕی ناوخۆیی لەو ئامانجە نەتەوەییە دووریان بخاتەوە.» گوتیشی: «بێگومان لەم كاتە هەستیارەدا ئەگەر خەڵك و پارتە نەتەوەییەكانی باشووری كوردستان هەڵسەنگاندنی ورد و دروستیان بۆ دۆخەكە نەبێت و پشتیوانیی یەكتر نەكەن، ئەو دەرفەتە لەبارەی كە رەخساوە بۆ كورد، لە دەست دەچێت.»