Wednesday, October 18, 2017

خانمێكی كورد لە ئاسمانەوە داوای پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات

د. سورەیا فەلاح:
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەركەوتوو لە باشووری كوردستان زنجیرە چالاكییەكم ئەنجام دا
گوڵان – كۆمەڵایەتی
كورد لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانە خاكییەدا گیرسابێتەوە، خەونی گەورەی ئەوەیە نەتەوەكەی لە ژێردەستی و ستەمی داگیركاری رزگاری ببێت، لە دوای ئەنجامدانی گەلپرسی لە باشووری كوردستانیش كە بە چەندین كەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەری پێشوازی لێكراو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا، هەر كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوخۆ و دەروەی وڵات بە جۆرێك و بە پێی توانا كاردانەوەی هەبووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە. بەڵام د. سورەیا فەلاح چالاكى ماقى ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا، بە بیرۆكەیەكی مەترسیدار و بۆ یەكەمجار و تەنیا دوای كاتژمێرێك مەشق و ڕاهێنان، بڕیار دەدات لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و ئاڵای كوردستانەوە دابەزێت و داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكاش بكات كە پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەن.
د. سورەیا فەلاح چالاكى ماقى ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا بڕیارێكی بوێرانەو به مەبەستی وەرگرتنی پشتگیریكردن له سەربەخۆيی باشوورى کوردستان رۆژی 1/10-2017 له ویلایەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا و له ويلايەتى كاليفورنيا زنجيره چالاكيیەكی مەدەنى ئەنجام دا. هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: "لە ئەمریكا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە لوبی هەن، كە دەكرێ لە رێگەی ئەوانەوە كاریگەری لە سەر رای گشتی دروست بكرێت، منیش بڕیارم دا بۆ وەرگرتنی پشتیوانی لە سەربەخۆیی كارێكی مەترسیدار بكەم، كە هەرگیز لەو بوارەدا كارم نەكردووە، ئەویش خۆبەردانەوە لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و بە ئاڵای كوردستانەوە، كە بێگومان بە بێ یاریدەدەر لە توانای مندا نەبوو. بەڵام هەمیشە چارەنووسی نەتەوەییم بەلامەوە زۆر گرینگ بووە، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەركەوتووش لە باشووری كوردستان زنجیرە چالاكییەكم ئەنجام دا. سەرەتا رۆژى يەكشەممە رێكەوتی يەكى مانگى ئۆكتۆبەر، له فڕۆكەخانەى شارى لۆمپاك بە هەڵگرتنى ئالایەكى گەورەی كوردستان و به پۆشينى كراسێك كه ئالاى كوردستان و ناوی كوردستانى سەربەخۆى لە سەر چاپ كرابوو، توانیم سەرنجى ئامادەبووان و كاربەدەستانی فڕۆكەخانەكە راكێشم، و ئامانجی خۆمیان بۆ شی بكەمەوە. " 
وەك باسیكرد لەو چالاكییەدا خەڵكی هان داوە كە پشتیگری گەلی كوردستان بكەن، خۆیشی داواى له بەرپرسانى ئەمريكا كردووە كە پشتگيرى دۆخى كورد و خواستى رەواى كوردستانییان بۆ بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بكەن.
هەر لە بارەی چالاكییەكانیەوە، د. سورەیا فەلاح ئاماژەی بەو دا كە لە چالاكییەكی دیكەدا داوای لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كردووە دەنگى خۆيان بخەنه پاڵ كۆنگرێس مەنێكی ئاشنا بە دۆزی كوردو هەر لەو بارەیەوە گوتی: "بەڕێز فڕانك تڕێنت، نوێنەری (ويلایەتى ئاريزونا)یە له كۆنگرێسی ئەمريكا و كەسێكی دڵسۆز و شارەزای پرسی كوردە، بۆیە داوام لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كرد، لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان كە مافى رەواى گەلەكەمانە هاوكارى و هاوڕایی بەڕێز فڕانك تڕێنت بكەن. "
وەك باسیكرد له بەشێكى ديكەی زنجيره چالاكییەكانی و لە گەشتێكدا به سەر ئاسمانى شارى لومپاك له به رزايى ١٣٠٠٠ فوت ـەوە، بە هاوكاری یارمەتیدەرەكەی لە كاتێكدا ئاڵای كوردستانی لەو ئاسمانەدا شەكاندووەتەوە، بە سەڵامەتی نیشتووەتەوە. دوابەدوای ئەو كارەش ئامانج و مەبەستی خۆی بۆ ئامادەبوونی شوێنكە خستووەتەڕوو، هەر وەها بە وردی باسی هەلومەرجی ناوچەكە و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە. گوتیشی: "وڵاتانى زلهێزی ناوچەكه؛ ئێران و توركيا لەمێژه بە هەموو شێوەیەك مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانییان پێشێل كردوە، ئێستاش به هاودەنگى لەگەڵ كاربەدەستانى عێراقدا گەشتی ئاسمانی بۆ هەوڵێر و سلێمانییان قەدەغە كردووە، گەمارۆی سیاسی و سەربازییان بە سەر باشووری كوردستاندا سەپاندووە، بەڵام من پەیامی دڵگەرمی و دڵنیایی بە هاوچارەنووسان و گەلی خۆم ددەم، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی جیهان و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەشەكێتەوە، كوردستانی سەربەخۆ لە ئاسۆی رووناكی نزیك بووەتەوە و رۆحی پاكی قوربانییانمان شاد دەبێتەوە. "
وەك باسیكرد، فڕۆكەخانەی لومپاك له باكوورى ويلايەتى كاليفۆڕنيایە و جێگايەكى بەناوبانگە بۆ ئەنجامدانی گەشتى ئاسمانیى كورتخايەن، كە لەوێ بە مەبەستی جۆراوجۆر، تاك و گرووپەكان كۆدەبنەوە و شوێنەكە تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو خەڵك زۆر جار بە مەبەستی ئامانجدار و بۆ گەیاندنی پەیامێك گەشتی ئاسمانی دەكەن و بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدەدەن. گوتیشی: "له چەند ساڵى رابردوو تا ئێستا بەشێكى زور له چالاكانى مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ راكێشانى سەرنجى ميديا و كاربەدەستانى حكوومى روو لەم شوێنە دەكەن و هاوكات لەگەڵ بەشدارى له چالاكيیەكان، بە تاكە كەس، يان بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵ كێشەكانی خۆیان بۆ ئامادەبووان دەخەنەڕوو، دواتر لە رێگەی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرنجى رای گشتی و بڕیاربەدەستانی سیاسی بۆ پرسەكە رادەكێشن
https://www.facebook.com/gulan.komelayeti/posts/613027799086425.
http://www.gulan-media.com/sorani/details.php?section=4&id=27875 "

ژنیکی کورد له ئاسمانه وه داوای سه ر به خویی ده کات


بو خویندوه ی ئه م دیمانه لینکه که کلیک که


داوای سەربەخۆیی ئافرەتێكی كورد لە ئاسمانی ئەمریكاوە ئەو رووداوانەی لە 16ی مانگەوە لە كوردستان روودەدەن ئەوە دەسەلمێنن كە دەبێت كورد لەسەر گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی مكوڕتر بێت و هەوڵەكان بۆ گەیاندنی دەنگی كورد بە گوێی جیهاندا دەبێت چڕتر بكرێتەوە تا بتوانرێت پاڵپشتی جیهانی زیاتر بەدەست بهێنین. بۆ ئەو مەبەستە خاتوونێكی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە بە خۆهەڵدانی پەرەشوت بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی كورد بە گۆنگرێس و بەدەست هێنانی پاڵپشتی ئەوان لە ئاسمانی ئەمریكادا چالاكییەكی نەتەوەیی ئەنجام دەدات.

 * ژیاننامەی دكتۆر سورەیا فەلاح لە شاری بانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. دانیشتووی شاری لۆس ئەنجلس لە ولایەتی كالیفۆرنیایە. بڕوانامەی دكتۆرای Educational Leadership and Policy Studies "رێبهەرایەتی و یاسای سیستەمی پەروەردە" و بڕوانامەی ماستەری لە پێوەندی ویاسای نێودەوڵەتییەكانی هەیە. وەكو ریسرچر(لێكۆڵەر) زانكویی كار دەكات. چالاكی سیاسی – كۆمەڵایەتی و پرسی مافی مرۆڤ و مافی كەمینە نەتەوەییەكانە و لە دامەزرێنەرانی رێخكراوی ناحكومی بۆ ژنان و بۆ كۆمەڵگەی كوردی و مافی مروڤ لە ئێران ئیشی زوری كردووە. ئیستاش 12 ساڵە لەگەڵ رێكخراوی ئەنجومەنەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە و هەروەها بەشی ئافرەتانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەقی لۆس ئەنجلسە. ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ دكتۆر مایكل ئازاد مورادیان پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵە.

 * چەند ساڵێك لەمەبەر وەك شاجوانی كورد بەشداری مەراسیمەكەت كرد و لە رۆژنامەی خەباتیش وەك هەواڵ بڵاوبووە، مەبەستی سەرەكیت لەو كارە چی بوو؟ ئەو كارەم بە چەند مەبەستێك ئەنجامدا. دەمهەویست رەچكەی بەشداربوونی ئافرەتی كورد لەو پرۆگرامانەی هالیوود و ئەمریكا بشكینم تا بەو بۆنەوە كورد و پرسی كورد بناسریت . هەروەها دەمهەویست ئافرەتانی كورد بە بەشداری كێبەركێی شاجوانی لە شوێنگەلی جیاواز بۆ بەهێزكردنی خویان و یارمەتی گەیاندن بە ئافرەتانی دیكە هان بدەم. بەنیازبووم ئەو هەنگاوە گرنگە هەڵَگرم تا ئافرەتی كورد ترسی بڕەوێتەوە، بە تایبەت پرۆگرامەكەی ئێمە بە مەبەستی یارمەتی گەیانن بە ئافرەتان و منداڵانی هەژار و كەم ئەندام بوو. كاتێك كە من بە نوێنەرایەتی لە كوردستانەوە بەشداریم كرد ‌و ناوی میس كوردستان لە تەلەڤیزیۆن و روژنامەكاندا دەرچوو پێم كارێكی گونجاو بوو. بۆ یەكەمجار بوو كە شاجوانێك بە جل و بەرگی نەتەوەیی خۆی دەبكەوێت كە بۆ من جێی شانازی بوو. *

 ئێستا زیاتر چالاكی نەتەوەیی لە كارەكانت دەبینرێت ئەو كارانە چین كە لەو بوارە كردووتە؟ - زیاتری ئەو ئیش و كارانەی وا لێرە ئەنجامی دەدەین چالاكی نەتەوەییە. من پێموایە هەر مروڤێكی چالاك دەبێ ناوچەیی كاربكات و جیهانی بیر بكاتەوە، هەربۆیە زۆربەی كارەكانم لە ناوچەی باشووری كالیفۆرنیا لەگەڵ كۆمەڵگەكەمدا دەكەم. لە زۆربەی پرۆگرامەكانی كوردەكانی دانیشتوی كالیفۆرنیا چ كولتوری یا سیاسی بەشدارم. وەك هەڵمەتی ئافرەتانی كورد و كورد پەروەر لە ئەمەریكا یا ئیشوكاری هونەری و ڤستیفاڵ و پرۆگرامی ساڵیانە. بەشدارم لە كاری ئاكادمیك لە سەر كورد، بەشدارم لە كاری هونەری وئێستاش كە هەڵدان لە ئاسمانەوە.

 * هەڵدان بە پەرەشوت وەك كارێكی نەتەوەیی تا چەند دەنگدانەوەی لە ئەمریكا هەبووە و ئایا توانیت پرسی كورد بگەیەنیتە گوێی بەرپرسانی ئەمەریكا؟ - ئەوەندەی من ئاگەداربم نەمبیستووە كەسیك بە مەبەستی كارێكی نەتەوەیی هەڵدان بە پەرەشوت بكات. ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانیی بە مەبەستی جۆراوجۆر دەكرێت، تاك و گرووپەكان كۆدەبنەوە و زۆر جار بە ئامانجێكی دیاریكراو و بۆ گەیاندنی پەیامێك گەشتی ئاسمانی دەكەن و بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدەدەن. منیش پێموابوو رێگەیەكی باشە بۆ گەیاندنی دەنگم و داواكارییم لەسەر راكێشانی سەرنجی نوێنەرانی سیاسی ئەمریكا. بێشك هەر كارێكی لەو شێوەیە كاریگەری خۆی دەبێت. من نامە و داواكاری خۆمم وەكو زۆر كەسی دیكە بە كۆنگرێسی ئەمریكا راگەیاندووە. هیوادارم بە یارمەتی هەموومان بتوانین وەكو لۆبی بەهێز لەسەر ئەم بابەتە كاربكەین. واتە ئەگەر كاریگەری راستەوخۆشی نەبیت بەشێكی زۆر لە خەڵكی ئەمریكی ئاگەدار دەبن كە كورد و ئافرەتی كورد داوای ئەوەیكردووە كە كۆنگرێسی ئەمریكا رێز لە رای خەڵكی كورد بگرێت. *

 ئەو بیرۆكەیەتان لە كوێوە بۆ هات و كێ‌ هاندەر و یارمەتیدەرت بوو؟ - لە زووە ئەو بیرۆكەیەم بوو و دەمهەویست بۆ پرسی كورد كارێكی گونجاو ئەنجام بدەم، بەڵام دەمهەویست لە كاتێكی گونجاو بێت تا زیاترین كاریگەری هەبێت. لەگەڵ كۆمەڵگەكەشمان دەرم بڕی و ئەوانیش رێزیان لەو بۆچوونەم گرت و لە مەترسیەكانی خۆهەڵدان ئاگەدارییان كردمەوە، بە تایبەت كە من مەشق و راهێنانی كەمم ئەنجامدابوو و تەنیا پاش كاتژمێرێك بڕیارمدا بۆ نەتەوەكەم ئەو سەركێشییە بكەم. ریفراندۆمی كوردستان یارمەتیدەری ئەو بیرۆكەیەم بوو. ئەزموونی چەند هاووڵاتی ئەمریكیش كە بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵكی هەژار یان بە مەبەستی خێرخوازانە ئەم ئیشەیان كردبوو هاندەری من بوون. سەربەرزبوونی هاوسەر ومنداڵەكانم بە خەونی لە مێژینەی گەلی كورد و هاتنی هاوسەرەكەم دوكتۆر ئازاد و هەروەها ریپۆرتاژێك لە"دەنگی كوردستانە لە ئەمریكا" هاندرەم بوون تا بەو ئەركە نیشتمانییە هەڵسم.

* لە ئەمریكا ئافرەتی دیكە هەن كە لەو بارەوە هاوكاری بەڕێزت بن؟ - تا ئەم كاتە لەگەڵ هەر ئافرەتێكی كە لەگەڵ كورد ئەژین و ئەمریكین باسم كردووە، زۆریان پشتیوانیان كردووم بە ئافرەتە كوردەكانیش. ئەگەر دەرفەتێك بڕەخسێت حەز دەكەم كارێكی جەماوەری بكەم. هیوادارم بتوانین هەڵمەتێكی گرووپی بكەین بەڵام ئەم كارە وەكو یاری كردن بە گیان وایە. ساڵی پیشوو 21 كەس لەم كارەدا گیانیان لەدەستداوە.

* بە رای ئیوە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی چۆن دەگاتە ئامانج و پێویستە گەلی كورد بەتایبەت ئافرەتان لەو بارەوە چی بكەن؟ - بە ئامانج گەیشتنی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئاسان نییە. چەن وڵاتی بەهێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا سەر ئێسقان دژن لەگەڵ پێكهاتنی كوردستانێكی سەربەخۆ. ئەمریكا وەك بەهێزترین وڵاتی دونیا پشتی كوردی نەگرتووە، بەڵام هەر وڵاتیك كە ویستویەتی سەربەخۆ بێت دوژمنی زۆری بۆ پەیدا بووە و روونە هەنگاونان لەو رێگەیە مەترسی و كێشەی خۆی هەیە. باشترین كار ئەوەیە كە كورد نەكەوێتە نێو شەڕ و ناوچەكەی خۆی بپارێزێت. هەروەها یەكڕێزنەبوونی گەلی كورد زۆركاریگەرییەكی خراپی لە سەر بە ئامانج گەیشتنی پرسی كورد هەیە. دەوڵەتی كوردستان دەبێت سنوورەكانی لە هاتنی وڵاتانی ناوچەكە بپارێزێت. هەروەها بە هەرشێوەیەك دۆست لە وڵاتە بەهێزەكان بدۆزێەوە. ئەگەر وڵاتە بەهێزهەكان ئاگادار بكرێنەوە كە كێشەی رۆۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاتیك دەڕێتەوە كە پرسی كورد بە ئەنجام گەیشتبێت. ئافرەتی كوردیش لە زۆر بوارەوە چ لە سەنگەر و چ بە قەڵەم و چ لەسەر شەقامەكان توانیویانە رۆڵی خۆیان ببێت. ئەمە كارێك نییە بە نیوەی كۆمەڵگە بكرێت. هاوكاری و هاوفكری هەموو لایەنەی پێویستە بە ئافرەت و پیاو و گەنج و پیر.

* ئەگەر لە كۆتایی قسەیەكتان هەبێت. لەكۆتایدا سپاسی خۆم ئاراستەی ئێوە و هاوكارەكانتان دەكەم. دەستتان خۆش بۆ بایەخدان بە ئیش و كاری ئافرەتانی كورد لە هەموو جیهاندا. هەروەها لێرەوە سپاسی هەموو ئەو ئەزیزانە دەكەم كە لە ئیش و كارەكانم بەشدارن و پشتگیریم دەكەن. منیش زۆر سەربەرزم بە ئیشەكانی ئەوان.